یانە زانای نەخۆشی گرێی پێستی مانگا Lumpy skin disease LSD

نەخۆشی گرێی پێستی مانگا Lumpy skin disease LSD

112

نەخۆشی گرێی پێستی مانگا  Lumpy skin disease LSD

یان نەخۆشی دانکەی مانگا

نەخۆشیەکی نوێیە لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە،کە ئەمساڵ لەبەهاری 2014 بڵاو بۆتەوە، توشی ڕەشە ولاخ دەبێت و زیانی ئابوری لێ دەکەوێتەوە، لەبەر نەبونی زانیاری تەواو بەزمانی کوردی لەسەرئەم نەخۆشیە ،حەزم کرد ئەم کورتەیە پێشکەش بە خوێنەران بکەم.
پێناسەی نەخۆشیەکە:
نەخۆشیەکی ڤایرۆسی وەبایی تیژە بەشێوەیەکی سەرەکی توشی مانگا و گامێش دەبێت لە هەموو تەمەنێکدا، نەخۆشیەکە بەهۆی گەستنی مێشولەو میٛش و مەگەزەوە دەگوازرێتەوە، گرێی ورد لەسەر پێستی هەموو گیانی دەردەکەوێت و تای لەشی بەرز دەبێتەوە، هەوکردنی لیمفە لولەکان و لیفەگرێکان، ئۆدیما”ئاوبەند” لە سەر پەلەکانی پێشەوە دواوە دروست دەبێت، یانی قاچ و دەستی دەئاوسێت، هەندێجاریش لە پێشسەوە سینگی و نیوان هەردو دەستی ئۆدیما دروست دەبێت. نەخۆشیەکە ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت، بۆیە بەرهەمی شیر نامێنیٛت و مانگاکە تەواو لاوازو بێهێز دەکات، هەروەها پیٛستی مانگاکە بەتەوای خراپ دەکات کە بۆ بەکار هێنان ناشێت دوای سەربڕین، هەروەها بەرخستن و نەزۆکی یەکێکە لە ئەنجامەکانی توشبون بەم نەخۆشیە.

بۆیەکەمجار لە بەهاری ساڵی2014 لەهەرێمی کوردستان سەری هەڵدا.  ئەمساڵیش لە کۆتایی مانگی 24/4/2019 بۆجاری دووەم دوای پێنج ساڵ هەمدیسان نەخۆشیەکە سەری هەڵداوەتەوە لە ناحیەی سیروان ، لەپارێزگای هەڵەبجە.

ئەم نەخۆشیە هەندێ جار کوشندەیە، دەناسرێتەوە بە دروست بونی گرێ لە سەر پێست ی مانگاکەدا کە هەموو لەشی دائەپۆشێ وەک وقاچ قوڵ و لمۆز، مل و ژێر چەناکە و …هتد . لەروی ئابوریە زیانێکی بەرچاو دەگەیەنێت  بە سامانی ئاژەڵ، بەهۆی چروساندنی مانگاو خراپ بونی پێستەکەیەوە و وەستانی بەرهەمی شیر.

سەرەتا لەباشور و ڕۆژهەلاتی ئەفریکا رویدا پاشان لەسالی 1970 بڵاو بویەوە بۆ باکورو ڕۆژئاوای کەرتی ئەفریکا، هەتا ساڵی 2000. دواتر گەیشتە زۆرێک لەولاتانی ڕۆژهەلاتی ناوەراست، لەسالی 2013 لەتورکیا کەوتەوە، لەعراقیش پەیدا بوە. لە ئیرانیش ئەم نەخۆشیە هەیە. لە سیفەتەکانی ئەم نەخۆشیە ئەوەیە کە بۆ ماوەی چەند سالێک نامێنێ و دواتر سەرهەڵ ئەداتەوە ئەویش بەهۆی دروست بونی کەش و هەوای لەبار،  ئیستا لە ناحیەی سیروان لە شارەزور پیٛش پێن ساڵ نەخوٙشیەکە ڕوویداوە، وا هەمدیسان سەری هەڵداوەتەوە.

بە عەرەبی پێ دەوترێ (مرض الجلد العقدی) بەفارسی (لمپی اسکین یان بیماری پوست ناصاف)

هۆکار و بڵاوبونەوە Etiology and Epidemiology :
هۆکاری ئەم نەخۆشیە ڤایرۆسێکە سەربە خێزانی ڤایرۆسی دانکە یە pox viridae ، ڕەگەزی capripoxvirus و جۆری neethling pox virus ، یان lumpy skin disease virus ) )  بەشێوەی بەر بڵاو لەناوچەیەکدا epidemic یان تاک و تەرا sporadic ڕوئەدات، زۆر جار لە شوێنێکی نوێ روئەدات کە دورونزیک پەیوەندی بە شووێنی ئەسڵی سەرهەڵدانی نەخۆشیەکەوە نیە، لە بەهارێکی تەڕو شێداردا سەرهەڵ ئەدات، دەکرێ لەهاوینیشدا بێت،  هەروەها بۆی هەیە لەزستانیشا بێت، کەچی ساڵی 2014 لەکوردستان لە بەهاردا مانگی مایس سەری هەڵدا کە گەرمو وشک و بێ باران بوو، بەڵام ئەمساڵ 2019 بەهارێکی تەڕو شێدارە سەری هەڵداوەتەوە. واتە لەهە موو وەرزو کەشو هەوایەکدا ئامادەیە بۆ سەرهەڵدان. ئەم نەخۆشیە لەشوێنە زۆنگاو نزمەکاندا زۆرترە بەهۆی ناڕەحەتی کوۆنترۆڵکردنی جوڵەی ئاژەلەکانەوە.

نەخۆشیەکە بەهۆی گەستنی جۆرە مێشێکەوە تایبەت خواێن دەمژێت(خەرنگەز)  مەگەز،گەنە، مێشولە، دەگوازرێتەوە. بەهۆی لیکەوە لەئاژەڵێکەوە بۆ یەکێکی تر، هەروەها تێکەڵاو بونی ئاژەلەکان لەگەڵ یەکتر هۆکارێکی تری توش بون و بلاوبونەوەیە. هەرچەندە ئەم گواستنەوەیە زۆر باونیە.

خانەخوێی ئەم نەخۆشیە بە پلە یەک مانگایە، جاری واش هەیە گامێش توشدەکات، گویرەکەکان زیاتر کاریگەر دەبن بەنەخۆشیەکە، بۆیە هەندیٛ مڕداربونەوە دەبینرێت لەناویاندا.

لەنیوان ڤایروسی دانکەی مەڕو بزندا لەگەڵ ڤایروسی گرێی پێستی مانگادا بەرگری هاوبەش هەیە، چونکە ڤایرۆسەکان سەربەیەک خێزانن بۆیە دەکرێت ڤاکسینی دانکەی مەڕو بزن بەرگری بدات بە نەخۆشی گرێی پێستی مانگا، ئێمە ئەوەمان کرد بە کردەیی لە کوردستان و سودمان لێی بینی.

ڤایرۆسی گرێ پێست زۆر بەرگەی گەرما و گۆڕانی ژینگە و دەروە دەگرێت، ڤایرسەکە لە سەر گرێ تەقیوەکان و لە خوارەوەش لەسەر زەوی بۆ ماوەی 33 ڕۆژ دەمێنێتەوە و بەرگە دەگرێت. ڤایروسکە بە ئیسەرو کلوروفورم لەناو دەچێت، هەروەها بەم پاکژکەرانە لەناو دەچێت، گیراوەی  هایدروکسیدی سۆدیوم %2 ،  گیراوەی کاربوناتی سودیوم %4 ، فورمالین%2 ، لیزول %2 .
مێژوی ئەم نەخۆشیە بۆ یەکەم جار لەسالی 1929 لە ولاتی زامبیا لەئەفریکا ڕوی داوە دواتر لە باشوری ئەفریقا بلاو بۆتەوە کە نزیکەی 8 ملیۆن سەر مانگای توش کرد و زیانێکی ئابوری زۆری گەیاند بەو ولاتە ساڵی 1957 گەیشتە ولاتی کینیا سالی 1970 لە باکوری سودان بلاو بویەوە ساڵی 1974 لە نایجیریا ساڵی 1977 لە مۆریتانیا و گانا و مالی ولایبریا وە لەسالەکانی 1981-1986 سۆماڵ و کامیرۆن تەنزانیا و زیمبابۆی ….هتد گرتەوە،لەوکاتەوە هە ر لە کەرتی ئەفریکا بوە تا گەیشتۆتە میسر لەساڵی 2006 کە زیانێکی گەورەی گەیاندە بەسامانی ئاژەڵی میسر. ئینجا لەساڵی 1989 پەڕیوەتەوە بۆ ولاتی ئیسرائیل. ساڵی 1986 ،بەلام لەدوای سالەکانی 2006 و 2007 نەخۆشیکە بەرەو ڕۆژهەلاتی ناوەراست هاتوە و بلاو بۆتەوە. ئەمساڵ 2014 گەیشتە ولاتی عراق و ئیران و کوردستان ( ڕۆژهەلاتی کوردستان و هەرێمی باشوری کوردستان).
چەندین جۆری ڤایرۆسی دانکە ی مەرو بزن بەرپرسن لە دروست بونی نەخۆشی دانکەی مانگا LSD ،وە تائیستا لە تاقیگەدا جۆرەکانیان جیا نەکراوەتەوە کە کامەیان مەر توشدەکات یان کامەیان مانگا توش دەکات.
* پێشتر شووێنی جوگرافی بڵاو بونەوەی LSD جیاواز بوە لەو شوێنانەی کە دانکەی مەرو بزنی تیدا بلاو بۆتەوە چونکە وا دانراوە کە ئەو جۆرانەی مانگا توش دەکات ناگوازرێتەوە بۆ مەرو بزن ، بەڵام ئیستا وا خەریکە ئەو ئەگەرە نامێنێت.
ئەم ڤایرۆسە بۆ ماوەی 11 ڕۆژ لەلیک دا دەمێنێتەوە هەروەها 22ڕۆژ لە تۆی کەڵگادا، وە زیاتر لە 33 ڕۆژ لە توێژاڵی گرێ برینداربوەکاندا .
*ڤایرۆسی دانکەی مەرو بزن تا ماوەی چوار مانگ زیاتر بەرگەی کەشو هەوای دەروە دەگری و کە لەناو لیک و فرمێسک و خوێن برینی گرێ کانی ئاژەڵەکەوە دەکەوێتە سەر زەوی، کە ئەژمار دەکرێ بە سەرجاوی بلاو بونەوە ی نەخۆشیەکە.
*ڤایرۆسی LSD ناگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ( مرۆڤ توشی ئەم نەخۆشیە نابێت)

Clinical finding نیشانەکانی نەخۆشیەکە:
ماوەی کڕ کەوتنی ڤایرۆسەکە لەلەشی ئاژەڵەکەدا (واتە لە کاتی چونەژورەوەی ڤایرۆش تادەرکەوتنی نەخۆشیەکە( 5-28 ) ڕۆژ دەخایەنێ، مانەوەی نەخۆشیەکە لە سەر ئاژەلەکە لە 3-4 هەفتە زیاتر دەخایەنێ ( ئەوە خۆم بینیومە )* تا چاک دەبێتەوە. ڕێژەی مردنی ئاژەڵ فەرق دەکات لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر.
دیارتریتن نیشانەی نەخۆشیەکە بریتیە لە تا (یاو) یکی زۆر، کە ماوەی هەفتەیەک زیاتر پێوەیەتی و پلەی گەرمی لەشی دەگاتە 41 پلەی سەدی، دەردانی گرێ لەسەر پێستی لەشی، هەروەها قەپۆس و ناو کونە لوت و دەمی هەتا دەگاتە ناو ئەندامانی لەشی، لەناو بۆری هەواو سیەکان، لەسەر ورگ،کەم خواردن (شەهیەی نامێنێ) وەستانی شیردان هاتنەخوارەوەی فرمیسکی چاو. لیک لەدەم، ئاوی لوت،گرێکان خڕ و سنوردارن لەزۆر شووێنی لەشی مانگاکە دەرئەکەون سەرەتا لە قاچ و قولی دواوە ناو گەڵو گوانی، ئینجا لەسەر ملی، دەمو چاوی هەموگیانی، بەشیوەیەک وا هەست دەکەی کە هەموو پێستی هەڵئاوساوە ئەوەندە گرێ دەرئەکات،لەکاتی دەست لێدانیدا بەئازارە، ناوگرێکان شانەی گوشتی توندیان تیدایە، دوای(2 -3) هەفتە سەری گرێکان وشک دەبێت و دەمرێت (necrotic) ئینجا دائەماڵرێت و برینێکی سنور دیاری کراو لەسەر پێستی دروست دەبێ، دوای دەردانی ئەم برینانە وردەوردە باری تەندروستی ئاژەلەکە باشتر دەبێت خواردنی زیاد ئەکات و شەهیەی دەکرێتەوە، تای لەشی دائەبەزێ و بەرهەمی شیری وەک جارانی لێدێتەوە، برینەکانیش ساڕیژ دەبن. واتە چاک بونەوەی زۆر بەخاوی دەروات. هەروەها گرێ لیمفاویەکانی ڕوی دەروەی لەش گەورە دەبن.
ئۆدیمای گوان و سەرسینگ لەنیوان پەلی پێشەوە دروست دەبێت، ئاژەلەکە بەشیوەیەکی گشتی دەچروسێ واتە لەرو لاواز دەبێ، ڕێژەی توش بون لە %5- بۆ%50 یە واتە نزیکەی نیوەی ئاژەڵەکان توش دەبن، بەلام ڕیژەی مڕدارۆبون زۆر کەمە %1-%3 یان هەر نیە،( لەو ئاژەلانەی کە لەسنوری کارەکەمان توش بون هیچکامیان مڕدار نەبونەوە). بەڵام لە شوێنی تر مڕداربونەوە هەبوە.
نیشانەی هەوکردنی سیەکان و هەناسە توندی دەرئەکەوێ بەهۆی بونی گرێ لە ناو سیەکان و بۆری هەوادا، هەروەها هەندێ جار سک چون هەیە بەهۆی دەردانی گرێ لە سەر کۆئەندامی هەرس. هەمدێ جاریش دەبێتە هۆی نەزۆکی کاتی لەکەڵەگادا بۆ ماوەی 5-6 مانگ.

ناسینەوەی هۆکاری نەخۆشیەکە Identification of the agent :
ناسینەوەی یان دیاری کردنی هۆکاری نەخۆشیەکە (ڤایرۆسەکە) زۆر خێرا و ئاسانە لە تاقیگەدا ئەویش بەهۆی وەرگرتنی شانەی مردو داماڵراوی گرێکان لەسەر پێست یان قەپۆسی  biopsy from skin nodules )) یان لە گرێکانی ناو سیەکان و شوێنەکانی تری پاش مڕدار بونەوە، ئینجا بەڕێگەی ئەزموونی polymerase chain reaction ( PCR ) هەروەها بەڕیگەی  ELISA /enzyme-linked immunosorbent assay
هەروەها بەڕێگەی سیرۆلۆجی دەتوانرێ ڤایرۆسەکە کەشف بکرێ، بەلام لەئیستادا ئەم ڕێگە بەکار ناهێنرێ

ناسینەوەی نەخۆشەیەکە diagnosis :
تەنها نەخۆشیەک هەیە کە نیشانەکانی نزیکە لەنەخۆشی گرێ یپێستی مانگا ئەویش ناوی( نەخۆشی نیمچە گرێ ی پێستی مانگا pseudo- lumpy skin disease ) ) یان نەخۆشی گرێ پێستی درۆزن، لەکاتی ناسینەوەدا لەوانەیە تێکەڵیان بکەین. بەلام ئەم نەخۆشیە هۆکارەکەی ڤایرۆسی هێرپسە (bovine herpes virus2 ) ،نیشانە کلینیکیەکانیان وەک یەکە بەلام شووێنی توش بون (lesions ) تەنها لە گوان و چڵی گوانەکاندایە بۆیە هەندێ جار پێی دوترێ (bovine herpes mammilits )
نەخۆشی گرێ پێستی درۆزن کەمتر ڕوئەدات لەچاو ڕاستەقینەکەدا، پشکنینی تاقیگە بۆ گرێکان یەکلاکەروەیە بۆ جیاکردنەوەی ڤایرۆس و ناسینی نەخۆشیەکە.
هەروەها نەخۆشیەکی تر هەیە کە پێ دوترێ (dermatophilosis ) توشی مانگا ،ئەسپ مەرو بزن دەبێ و نەخۆشیەکی بەکتریایە ،برینی کێماوی لە سەر پێست دروست دەکات.

چارەسەر و ڕێگری prevention and treatment : 
1- لەکاتی کەوتنەوەی ئەم نەخۆشیەدا دەبێ جوڵەی ئاژەڵەکان سنوردار بکرێ،نابێ ئاژەڵی توشبو بجوڵینرێ،هەروەها نەخۆشەکان لەساغەکان جیا بکرێنەوە ، چارەسەری تایبەتی بۆ ئەم نەخۆشیە ڤایرۆسیە نیە بەلام چارەسەری گونجاوبە ئەنتی بایۆتک دەکرێ بۆ نەخۆشەکان بەپێ نیشانەکانی و چاودێری وردی دەکرێ تاکو نەخۆشی لاوەکی تر سەرهەڵ نەدات.
2- کوتانی ئاژەلە ساغەکان بە پێ کوتی ( ڤاکسینی) ئەم نەخۆشیە، کە تایبەت دروست کراوە بۆ کۆنترۆڵی نەخۆشی LSD کە جۆری زیندو کوژراوی هەیە live or killed vaccine لەکۆمپانیا ی intervet بە ناوی lumpy vax کە مانگایەک یەک مل 1 ml لێ ئەدرێ سالانە . هەروەها جۆرێکیتر ڤاکسین هەیە کە وڵاتان بۆخۆیان دروستی دەکەن، هەموو مانگای تەمەن 6 مانگ دەکوتن و بۆ ماوەی 2-3 ساڵ بەرگری ئەدات.
3- هەروەها لەکاتی نەبونی ئەم ڤاکسینەدا دەکرێ بەڤاکسینی دانکەی مەرو بزن مانگاکان بکوترێن بەلام دەۆزکەی جیایە ( یەک دۆزی مانگا= دە دۆزی مەڕ) هەروەک لە هەرێمی کوردستان ئەنجامان دا و کاریگەری ئەرێنی هەبوو لەدوای کوتانەکەوە هیچ حالەتێکی ئەم نەخۆشیە تۆمار نەکرا.
4- کوتان دەبێ بەشێوەی بازنەیی بێت بەدەوری خاڵی توشبوندا بە پانتایی 25-50 کیلۆمەتر ،تاکو ڕێگری بکرێ لەبلاو بونەوەی نەخۆشیەکە،هەروەها ئاژەڵی ئاوس 4 مانگ بەرەو ژور ناکوترێ.
5- کوتانی ساڵانە بۆماوەی 2-3 ساڵ بەسەریەکەوە ڕودانی نەخۆشیەکە بن بڕ دەکات .
6- دەکرێ هەمو ئاژەڵی توش بوو هەروەها ئەوانەش کەهەستیارن بۆ توش بون سەرببڕێن و لە چاڵی قوڵدا بسوتێنرێن و بشارێنەوە تاکو لەو شووێنەدا نەخۆشیەکە بنە بڕ بکرێت،ئەم جۆرە کارە لەولاتیکدا دەکرێ کە حکومەت قەربووی زیانەکان بکاتەوە بۆ خاوەنەکانیان.
7- بۆ ئامادەکردنی ڤاکسین هیچ کێشە نابێت ئەگەر ڤایرۆسی LSD یان  Sheep & goat pox بەکار بهێنی جونکە هەمان کاریگەری دەبێت.
8- شان بەشا نی کوتان (ڤاکسین) دەبێ دەرمانی دژە مێشو مەگەز بەکار بهێنرێ بۆلەناو بردنی هەمو ئەو مێروانەی کەدەبنە هۆی بڵاو کردنەوەی ئەم نەخۆشیە .
9- پاکژ کردنەوەی گەوڕو شوێنی ئاژەلەکان بە مادەی پاکژ کەروە و وەک فۆرمالین،فینۆل، ڤیرکۆن..هتد

10- وا باوەڕ دەکرێت مانگای توشبو پاش ئەوەی چاک دەبێتەوە بەرگری پەیدا دەکات بۆ هەتا هەتایە، ئەو گوێرەکانەی کە ژەکی ئەم مانگایەش دەخۆن بۆ چەندمانگێک بەرگری پەیدادەکەن.

ئەنجام گیری:
نەخۆشی گرێ ی پێستی مانگا نەخۆشیەکی نویە و بۆ یەکەمجارە لەهەرێمی کوردستان و ولاتانی درواسێمان ڕوو ئەداتت، بۆیە ئەرکێکی قورس دەکەوێتە سەر حکومەتی هەرێم و وەزارتی کشتوکال و بەڕیوبەرێتیەکانی ڤێترنەری لەکوردستان تا کو بتوانن ساڵانە کوتان ئەنجام بدەن دژی ئەم نەخۆشیە .ئەویش بەدابین کردنی ڤاکسینی تەواو تاکو بەشیوەیەکی ڕێکو پێک و زانستیانە ئەم کارە ئەنجام بدرێ و ڕێگری بکرێ لە کەوتنەوەی ئەم نەخۆشیە وبەتەواوی کۆنترۆڵ کردنی تا سامانی ئاژەڵ بپارێزین لەزیان چونکە ئەم نەخۆشیە زیانێکی مەزنی ئابوری ئەدات لەسامانی ئاژەڵ واتە ڕەشەووڵاخ.

دکتۆر ناجح گوڵپی 7/7/2014 هەلەبجە

پێداچونەوە 9/5/2019
n.gulpy@gmail.com

 

 hewraman
Load More In زانای

داواچیٛو بنویسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابەتو دماتەری

ئەراگیٛڵی

ئەراگیٛڵی ئەگەر شەویە جە شەوەکان ئاسمانوو پەڕ جە هەسارەو یۆ جە هەوارەکاو هۆرامانی کەردیمێ …