یانە هەورامانی بشناسدیٛ نەوروٙزی هەورامی

نەوروٙزی هەورامی

92

 

 

                   نووسین و تۆژینەوە: محەممەد مورادی(باقلاوایی)

 

بابەت: نەورۆزی هەورامی( پێوەندی نێوان پەنجەی تار و جێژنی سپەندارمەز)

 

*** هەوڵێک بۆ یەک‌خستنەوەی بەڵگەکان لەگەڵ وتەکانی پێشینیاندا کە لەسەر ئەم مژارە هەیە و دەتوانێت ببێتە هۆی دەوڵەمەند بوونی ئەم باسە گەر پشتیوانی لێ بکرێت.

 

*جێژن:

وشەی جێژن لە یەسنەیYasna ئاوێستاییەوە هاتووە بە واتای پەسن و پەرستن. هەر ئەم وشەیە لە کوردیشدا بە گۆڕانێکی بچووک کراوە بە “یەزن” و لە گۆرانییە فلکلۆرییەکاندا ماوەتەوە و زۆرتر دەسپێکە بۆ ئەوەی بوێژ کەسێک ستایش بکات و بە بەژن و باڵایدا بچێت، دەکرێت بڵێین ئەم وشەیە تایبەتی کەسانی دیار و ڕۆژە تایبەتەکانە کە تێدا یان دیاردەی ئۆلی و ئایینی بەرجەستە دەکرێت یان نەتەوەیی و حەماسی؛ کە لە هەردوو شێوازدا ڕێز لێنان و گەورە کردنەوەی مژارێک دەبێتە بنێشتە خۆشەی دەمی خەڵک لەو ڕۆژەدا و وەک جێژن ناوزەدی دەکەن. ئەڵبەت لە ڕابردوودا کە ژیانی خەڵک گرێ‌دراوی کشت وکاڵ و ئاژەڵداری بوو هەموو ساڵێ بۆ شوکرانەبژێری و سپاسی یەزادنی مەزن لە کاتی خەرمان و برینگە و بێری ئاژەڵەکان کە بە جۆرێک بەرهەمی ساڵ بوو جێژنیان بۆ دەگرت و ئەم جێژنەش بە جێژنی شوکرانە ناوبانگی هەبوو.

بەس هەندێ لەم جێژنانە هێندە گرنگ و تایبەتی بوونە کە بۆ چینێکی تایبەت و دیاری‌کراو نەبووە بەڵکوو گشت‌گیر بووە و هەموو خەڵکی کۆمەڵگەیێک یان نەتەوەیێک بەڕیوەیان دەبرد کە زۆرتر لە جێژن‌گەلی نەتەوەیی و ئایینی و هتد ئەم نەریتە بەرچاوە. بۆ نموونە جێژنی نەورۆز وەک جێژنێکی نەتەوەیی کەوا لەنێو گەلاندا بە شێوازی جیاواز بەڕێوە دەچێت و لە کوردستانیشدا هەڵوێستەی جودای لەسەر هەیە کە نموونەی هەرە بەرچاوی تێڕوانینی هەورامییەکانە لەسەر ئەم بابەتە و وێڕای باسی ساڵپێوی و ڕۆژژمێری شرۆڤەی دیکە هەڵدەگرێت و دەمەوێت ئەو ڕەهەندەی کە مەبەستمە ڕاڤەی لەسەر بکەم و ئەو لایەنە لەبیر کراوەی زیندوو بکەمەوە کە دەکرێت وەک هەنگاوێکی پێشکەوتوو لە ڕابردوویێکی دووردا بیخەینە بەرچاو.

 

*پێنجەی تار یان پەنجە:

لە ساڵپێوی ئاوێستاییدا کە هەتاوییە، دابەش‌کردنی ساڵ و بابەتی پێنج ڕۆژی مابووە یان پەنجە لە دەمژمێری ئێراندا گەلێک گرنگە. لە ڕۆژژمێری کۆنی ئێرانیەکاندا دروست ئەژماردن، سەرنج و وردبوونەوە لە ژمارە و چۆنیەتی ساڵ و مانگ و ڕۆژ بە بڕوای پتەو لەسەر داب و نەریتی ئۆلی داڕێژرابوو، هەتا ئەو جێگەیە هەر ڕۆژێکیان کردبوو بە پێنج (گا) یان کاتەوە کە لە زستاندا بە بۆنەی کورتی ڕۆژەکانەوە ئەم پەنجە دەبوو بە چوار کات؛ وە ئەم پەنج‌گایە لە ڕۆژژمێری کەونی ئێراندا یەکێک لە خاڵە سەرنج‌ڕاکێشەکانی دەمژمێری ئاوێستایی دێتە ئەژمار.

بابەتی دووهەم باسی دابەش کردنی وەرزەکان و شەش جێژنی ساڵانەیە کە شایانی باس و تێڕامانە.

دوازدە مانگی سی ڕۆژە دروست دەبێتە ٣٦٠ ڕۆژ، کە پێنج ڕۆژی مابووە لە ڕاستەی مانگدا ئەژمار ناکەن. ئەم پێنج ڕۆژە بە پەنجەی تار یان دزراو ناوی دەرکردووە کە لە چەمکی ڕۆژژمێریدا بە (خمسە مسترقە) ناوبانگی هەیە. لە ڕابردوودا بە تایبەتی ئەم ڕۆژە جێژن و شایانەیان دەگرت کە وەک ڕۆژی گەڕانەوەی فرووهەرەکانیان دەزانی بۆ نێو خان و مانی خۆیان.  هەر ساڵ کە ٣٦٥ ڕۆژ و کەمەکێ خوارترە و ئەم کەمەکە نزیکەی شەش کاژێرە؛ وە بۆ ڕاگرتنی ڕاست و دروستی ساڵی هەتاوی ئەم کورت هێنانەیان کەبیسە ئەژمار دەکرد و مووبەدەکان لە سەردەمی ساسانەکاندا هەر چوار ساڵ جارێک ڕۆژێکیان بە پەنجە زیاد دەکرد کە ئەو ڕۆژی شەشەمە دەبوو بە ئەڤەرداد یان ڕۆژی زیادە.[1]

ناوی یەکەمی هەر مانگێ بە ناوی ئاهەورامەزدایە. لە ڕۆژی دووهەمەوە هەتاکوو ڕۆژی حەوتەم بە ڕیز ناوی شەش ئەمشاسپەندی زەڕدەشتییە کە بریتین لە: بەهمەن، ئۆردیبەهێشت، شەهریوەر، سپەندارمەز، خوەرداد و مۆرداد. لە ڕۆژژمێری ئاوێستاییدا حەوتە نەبووە بەڵکوو هێ خەڵکانی سامییە، بەڵام کریستێن سێن و نیبێرگ پێیان وایە کە ئێرانییەکانیش حەوتەیان هەبووە. لێرەدا مەبەستی ئێمە زۆرتر سپەندارمەزە کە بە ئێسپەنداد جێژنیش بەناوبانگە و لەم ڕۆژەدا جێژنیان ڕێک‌دەخست. خشتەی ئەو نێوانە لە ژێرەوە بۆ ڕازاوە کردنی بابەتەکە دەهێنین کە بریتییە لە[2]:

 

ئاوێستایی پالەویی مانای وشەکان
ئەهوورمەزد ئەهۆرمەزد یەزدانی هەستی بەخش و زانا
وەهوومەنە وەهوومەن بەهمەن یان بیری چاک
ئەشا وەهیشت ئەرتە وەهیشت ئۆردیبەهێشت یان باشترین ڕاستی
خشەترە وەئیرە شتریوەر شەهریوەر یان پاشایی بەهێز
سپێنت ئارمەئیتی سپەندارمەت یان مەز خاکەڕایی
هەئورڤەتات خۆردات تەندروستی و سەلامەتی
ئەمێرتات ئەمۆردات نەمری

 

لە ڕاستیدا سپەندارمەز ڕۆژی زەمینە کە ژیان بەخشە و ژین و ژیواری مرۆڤ و هەموو ئاژەڵێک پەیوەستە پێوە کە لەباری سروشتییەوە، بە بۆچوونی پێشینیان لەم ماوەیەدا زەوی هەناسە دەکێشێت و گیانی وەبەردا دێتەوە دوای قەیرێ لە ڕچە بەستن و نووستن؛ هەر بۆیە ڕێزی تایبەتی ئەم ڕۆژە لەباری ژیان بەخشییەوە بەرچاو بووە. شتێکی دیکە کە شایانی باس کردنە بابەتی شوبهاندنی ژنە بە زەمینەوە کە لەباری وەبەرهێنان و پەروەردە و ژیانەوە لێک‌دەچن و دەکرێت بڵێین لە ئێرانی کۆندا ئەو فریشتەیە کە پارێزەری زەمین بووە ئافرەتێکی دروست و داوێن پاک بووە کە لە ئەوپەڕی لەخۆبردوویی و خاکەڕاییدا بووە، هەر بۆیە لە هەرێمی هەوراماندا کە لەپێشدا وەک گۆران دەناسران و ژیانێکی خۆجێ و یەک‌جێیان هەبووە و بەرەڤاژی کوردەکانی دیکە کەوا ڕەوەند و کۆچەر بوونە ئەمان وەرزێر و جووتیار بوونە و لەم شێوە ژیانەشدا بە پێچەوانەی ژیانی شوانکارەییەوە ژن پێشەنگی ژیانە و خاوەن ڕێز و حورمەتی تایبەتە. وە ئەم جێژنەش وێڕای بابەتی ڕۆژژمێری و ساڵ‌پێوی دەکرێت شیمانەی ئەوەشی بۆ بکرێت کە لایەنێکی دیکەی، ڕێز لێنان لە پلە و پایەی ژن بووە وەک جەمسەری سەرەکی ژیان و بەرهەم‌هێنان.

 

*مەردگیران یان سپەندارمەز:

ڕۆژی پێنجەمی هەموو مانگێک ناوی سپێنتە ئارمەئیتیspenta-Armaiti لێنرا بوو کە چوارەمین ئەمشاسپەندی ئۆلی زەڕدەشتییە. ئەم وشەیە تێکەڵێکە لە (سپێنتە) یان (سپەند) بە مانای خاوێن و پیرۆز، وە (ئارمەئیتی) بە واتای لەخۆ بردوویی و خاکەڕاییە؛ کەواتە ناوی ئەمشاسپەند بە واتای سازگاری، خاکەڕایی و لەخۆبردوویی باش و پیرۆزە. سپەندارمەز ڕۆژی پێنجەمی هەموو مانگێک و مانگی دوازدەهەمی ساڵە کە تێدا جێژن و شایانەیان دەگێڕا و یەکەم جێژنێکە لەم مانگەدا بەڕێ دەکرا مەردگیران یان مژگیران بووە.[3] ئەڵبەت بە پێچەوانەی هەموو تۆژەران و زاناکان کە ئەم ڕۆژە بە پێنجی ئاخرمانگ دادەنێن، بەڵام خەلەف تەورێزی بە پێنج ڕۆژی ئاخری مانگی ڕەشەمەی دادەنێت، واتە لە ٢٥ بە دواوە.[4]

دەتوانین بڵێین کە ساختی دایک سالاری و پەرستنی ئیزەدبانووەکان لەم هەرێمەدا کە ژیانێکی کشت وکاڵییان هەبوو هۆکاری سەرەکی ئەم شێوازە بیرکردنەوەیە بووە کە بۆتە هۆی داهێنانی وەها ڕۆژێک کە بنەمای جێژن و خۆشی بووە، واتە پەڕینەوە لە سەخڵەتی و دژواری بەرەوخۆشی و ئاسوودەیی کە ژن وەک هێمایێک لەم جێژنەدا وێنا کراوە. یەکەم کەسێکە لەم جێژنە بە شێوەی بەڵگە و نووسراو باسی کردووە ئەبوو ڕەیحانی بیروونی بووە کە دەڵێت: سپەندار فریشتەی نێردراو و پارێزەری زەمین و ژنانی داوێن پاک و خێرخواز و مێردخۆشەویستە. لەم جێژنەدا پیاوان دیاریان دەبەخشی بە ژنەکانیان.[5] گردیزیش لە پەرتووکی “زین الاخبار”دا ئەمە پشت‌ڕاست دەکاتەوە و دەڵێت لەم ڕۆژەدا ژنان بە ئازادی بۆیان هەبوو مێردی خۆیان هەڵبژێرن و ژنانی شووداریش لە لایەن مێردەکانیانەوە دیاری و خەڵاتیان پێ‌ئەدرا؛ ئەڵبەت «ئانا کراسنولسکا» تەواوی ئەم جێژنانە بە جێژنی بەهاری کوردی ناوزەد دەکات.[6]

بە گوێرەی ئەم ڕاو بۆچوونانە وێڕای باسی ڕۆژژمێری و ساڵ‌پێوی ئەم رۆژە جێژنی ژنانیش بووە و ئافرەتان لەم ڕۆژەدا بۆ پێ‌زانینی ئەو هەموو زەحمەت و ئەرکەی ژیان کە لەسەر شانیان بووە ڕێز و حورمەتیان بۆ دانراوە و بەهایان پێداون، بەڵام لەم رۆژەدا جگە لەم باسە هەندێ داب و نەریتی دیکە بەڕیوە دەچوو کە بە “ڕۆقعەی کەژدۆم” ناسراوە واتە جۆرێک دۆعا و نزا بووە بۆ خۆپاراستن لە چز و گەستنی دووپشک و دەرکردنی هەموو گیانەوەر و بگەزێکی خشۆک. “ئەبووڕەیحان” دەڵێت: ئەم نەریتە هی فارسەکان نەبووە و زۆرتر خەڵکانی دیکە ئەنجامیان ئەدا و باس دەکات لە سپێدەی ڕۆژی پێنجەمدا وەها باو بوو کە لە کوتان و تێکەڵ کردنی دەنکی هەنار و مێوژ جۆرێک مەڵهەمیان دروست دەکرد کە دژە ژەهری دووپشک بووە؛ هەروەها لە سەر قاقەزێکی چوارگۆش شتانێکیان دەنووسی و لە سێ سووچی ماڵ هەڵیان‌دەواسی و سووچی چوارەمیان لێ بەری دەکرد هەتاکوو خشۆک و گیانەوەری خراپ و بگەز زیانیان پێ نەگەینن و لەم گوزەرەی چوارەمەوە ڕەو بکەن و بڕۆنە دەرێ، ئەڵبەت دەبوایێ هەڵواسینی ئەم نووشتە و جادووکارییانە لەکاتی هەڵاتنی هەتاودا بوایێت. ئەو نزایە کە لەسەر نووشتەکە دەنووسرا بە وتەی بیروونی ئەمەیە: بە ناوی ئوورمەزد، ئێسپەندارمەز مانگ و ئێسپەندارمەز ڕۆژ، بەستم دەمی هەموو شتێکی ورد و بچووک، هەڵاتن و چوون بێجگە لە چوارپێیەکان؛ بە ناوی یەزدان و جەم و ئافەرەیدوون.[7]

”کریستێن سێن” لە کتێبەکەی خۆیدا ئەم باسە شرۆڤە دەکات و دەڵێت ڕۆژی پێنجەمی مانگی ئاخری زستان کە ڕۆژی ژنانە و بە مەردگیران ناوبانگی هەیە، پیاوەکان دیاری و خەڵات بە ژنەکانیان ئەدەن. لەو ڕۆژەدا مێوژ و گەردەی هەنار دەخۆن و بەم جۆرە خۆیان لە چزی دووپشک دەپارێزن و هەروەک “بیروونی” چۆن باسی “ڕۆقعە” دەکات ئەمیش ئەم زەنگە دەزڕێنێت،[8] بەس سەبارەت بە دووپشک باسێک هەیە گەرچی ئەم بە پێنج ڕۆژ زووتر دەست پێدەکات، بەڵام وادیارە یەک سەرچاوەیان هەبێت ئەویش شەڕی ئەپۆشە(قلب العقرب) لەگەڵ تیشتێر(گەلاوێژ)دایە کە ئاوێستا باسی کردووە و لە ڕوانگەی بینەری زەمینییەوە بە پێی ئەم بابەتە هەر” ٢٥ ” ڕێبەندانی هەتاوی  بۆ سەرەتای ڕۆژژمێری کوردی گەرمەسێری بەردەست دەکەوێت. وێڕای ئەم باسە ئاماژەی دەقەکانی کەلامی یارسانە بە چزی دووپشک یان وێنە ئاسمانییەکان لە شێوەی ئەم خشۆکەدا  کە ڕوون‌کەرەوەی ئەوەیە  ٢٥ ڕێبەندان سەرەتایێک بێت بۆ دەسپێکی ساڵی کوردی گەرمەسێری؛ کەوا پەنجە یان خەمسەی موستەەرقە دەتوانێت هۆکاری پتەوی سەلماندنی ئەم بابەتە بێت.[9] ئەڵبەت دووپشک بگەزێکە کەوا لە ئایینی میتراییدا ڕۆڵی تایبەتی هەیە و باسی زۆر هەڵدەگرێت کە لێرەدا بۆ ئەوەی لە مژاری سەرەکی دوور نەکەوینەوە باسی ناکەین بەس خواردنی مێوژ و دەنکی هەنار یان ساز کردنی مەڵهەمێک لەم دوو بەرهەمە ڕەنگە پیشاندەری بەرهەمی کشت وکاڵییان بووبێت و خەڵکی ئەو کاتە وەک بژێوی سەرەکی کەڵکیان لێ وەرگرتبێت کەوا هێندە گرنگ بووە لە لایان.

پیرۆزی زمین و ئاسمان، شتی بەکەڵک، ئاژەڵی بەسوود، ڕەوانی ژن و پیاوی پارێزکار و پاک لە ئاوێستاشدا باس کراوە و لە بەشی یەشتەکان(فەروەردین یەشت) پەسن و ستایشی ئەمانەی بە تێر و تەسەل کردووە و دەڵێت:

” ئەم زەمینە ستایش دەکەم ئەو ئاسمانەش، ئەوەیکە لە نێوان ئاسمان و زەویدایە و چاکە ستایشی دەکەم، شتێکە شیاوی ستایشە و ئەوەیکە لە پیاوی پارێزکار دێت پەسن و ستایشی دەکەم. ڕەوانی گیانەوەرە بەسوودەکانی ڕووی ئەم زەمینە ستایش دەکەم. ڕەوانی ژن و پیاوانی بەدین و ئیمان و فرووهەری ئەو کەسە پاک و خاوێنانە ستایش دەکەم کە ئۆلی چاکیان هەیە….[10]*”

ئەڵبەت هێنانی ئەم بابەتەی نێو ئاوێستا بۆ سەلماندنی ئەوە بوو کە ژنانیش هاوشانی پیاوەکان ڕێزی تایبەتییان هەبووە لە کۆمەڵگە و بگرە زۆرتریش؛ نموونەکەی ئەمەی هەورامانە کە هەنووکەش ماوەتەوە و هەر بایەخی لەکن تاکی هەورامی زماندا نەدۆڕاندووە. گەرچی هەندێ لایەنی لەبیر کراوە، بەڵام دەکرێت بە هەوڵ و تێکۆشان بخرێتەوە سەر ڕێچکەی ڕاستەقینەی خۆی و سورای ڕەوڕەوەی کات بکرێت و بە ڕوومەتێکی شەنگ و شۆختر بیدەینە دەست نەوەی داهاتوو.

 

*وتەی ئاخر:

بە کورتی ئەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئێمە بە هۆی نەبوونی دەسەڵات و کیانی سەربەخۆی سیاسی هەندێ شتمان لێ تێکچووە یان ون بووە کە ئەگەر زۆر بۆی دابچین هەنبانەیێک لە داب و نەریتی هەمەڕەنگ ئەدۆزینەوە کە هەم دەتوانێت گیانێ بە بەری کلتوور و تان و پۆمانا بکاتەوە هەمیش خزمەتێک بە کلتوور و وێژەی دنیا بکات کە ئەمەش لە ڕاستیدا بێ تێکۆشان بەدی نایێت . ئەم بابەتە کە لە هەوراماندا بە شێوەی زارەکی دەماودەم بە ئێمە گەیشتووە  و باب و کالێ مە وەک بیلبیلەی چاو لە ژێر هەموو تەوژم و داپڵۆسانێکی داگیرکەراندا پاراستوویانە، وێڕای هەندێ کەم وکۆڕی کە ئەویش هۆکاری تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام هەر بەنرخە و دەکرێت جگە لە باسی ڕۆژژمێری و ساڵ‌پێوی ئەم لایەنەی دیکەشی زیندوو بکەینەوە و بیکەین بە ڕۆژێکی فەرمی و تەنانەت وەک پێناسە و شۆناسێکی نەتەوەیی خۆمان بە خەڵکانی دیکەی بناسێنین و بیکەین بە ڕۆژی خۆشەویستی لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا، چونکە هەم مێژینەیکی پڕ لە شانازییە و هەمیش بە بەڵگەوە دەتوانین بیسەلمێنین کە ئێمە پێشەنگ‌تر بووینە لە نەتەوەکانی دیکە لەم بوارەدا.

                                       

                                   

                                                     نووسەر: محەممەد مورادی (باقلاوایی)

                                                               ١/١٢/١٣٩٥ هەتاوی

[1] – تەیب تاهێری؛ پەرتووکی ساڵپێوی ئاریایی – کوردی، وەرگێڕانی هاوار بەهمەنی، لاپەڕەی ٣٤-٢١ —- هاشم ڕەزی پەرتووکی دەمژمێری و جێژنەکانی ئێرانی کۆن، لاپەڕەی ٨٩ -٨٠

[2] – فەرهەنگی ناوە ئاوێستاییەکان؛ بەرگی دووهەم – وتاری سی ڕۆژە – لاپەڕەی ٨٢٢

[3]– هاشم ڕەزی؛ دەمژمێری و جێژنەکانی ئێرانی کۆن – لاپەڕەی ٤٢٥-٤٢٤

[4] – برهان قاطع؛ بەرگی چوارەم لاپەڕەی ١٩٨٤

[5] – بیروونی، آثارالباقیه، زاخائۆ- لیپزیک ١٩٢٣

[6] – ئانا کراسنولسکا؛ چەند کەسایەتی گرنگ لە دیرۆکی دەمژمێری ئێرانی؛ وەرگێڕانی ژاڵە موتەحێدین – لاپەڕەی ٨٠ – تاران وەرجاوەند ١٣٨٢

[7] – محەممەد مورادی(باقلاوایی)، زەروان و زەڕدەشت؛ لاپەڕەی ٥٠-٤٩ ——– هاشم ڕەزی، دەمژمێری و جێژنەکانی ئێرانی کۆن؛ لاپەڕەی ٤٢٦

[8] -‏ ئارتوور کریستێن‌سێن؛ ئێران لە سەردەمی ساسانییەکاندا؛ وەرگێرانی ڕەشید یاسمی، چاپی تابش بڵاوگەی ڕاستی نەو ‏‏١٣٨٨ ؛ لاپەڕەی ٢٠٣‏

[9] – تەیب تاهێری؛ ڕۆژژمێری ئاریایی کوردی، بەشی دەسپێکی نووسەر؛( س.ر ●● زیگی ئاریایی – کوردی)

[10] – ئیبراهیم پوورداود؛ ئاوێستا- یەشتەکان(فەروەردین یەشت) برگەکانی ١٥٥-١٥٤-١٥٣؛ بڵاوگەی فرووهەر ١٣٥٣ – لاپەڕەی ٢٦٦-٢٦٥

*کامل سەفەریان و زەهرا سەجادی؛ جێژنی دێوەزناو(کۆنترین جێژنی دانیشتوانی زاگرۆس)، لاپەڕەی ١٠٤

 hewraman
Load More In هەورامانی بشناسدیٛ

داواچیٛو بنویسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابەتو دماتەری

مەحمود خانو دزڵییٛ و گیانو هامکاری

مەحمود خانو دزڵییٛ و گیانو هامکاری بوٙنەو یاڎو سەڎ ساڵەو ئازاڎ کەردەی سلێمانی چیٛردەسو ئین…