یانە ویەردە و هەورامانی ئایین جە ھەورامان

ئایین جە ھەورامان

38

بە ناوی یەزدان

ئایین لە ھەورامان

بنەوای ناونای ئەم ناوچەیە بە شێوازی جۆراوجۆرە، ھەندێ جار بە “ئۆرۆمۆن” کە پێکھاتووە لە دوو وشەی “ئۆرۆ” بە مانای نیشتمان و “مۆن” واتە پیرۆزی دەزانن، واتە نیشتمانی پیرۆز کە بە ئەورامان یان ھە¬ورامان دەگۆڕدرێت. “ھۆر” چە لە زمانی میدیای و چە زمانی کوردی بە مانای ھەتاو ھاتووە و “مان” واتە شوێن و جێگە کە تێکڕا بە واتای شوێنی ھەتاو دێت.” ھۆرا” بە مانای “ئەھۆرا” و “مان” یانی ھەمان جێگە و شوێن کە بە واتای وڵاتی ئەھۆرایی دێت یان (ھۆر – ئامان) بە واتای ھەتاو ھەڵات یان  ھەتاو ھات؛ (ھەوەر – ئامان) ھەواڵ ھات، مزگێنی گەیشت؛ (ھەواری – ئامان) یانی پەناگای پارێزراو. ھەروەھا مانای ھەوری بوونیشی بۆ کراوە کە گوایە بەم شێوەیە(ھەور – ئامان) یانی ھەوری بوونی ئاسمان، چونکە ئەم ناوچە چیاییە و لووتکە و دوندی بڵیندی لێیە؛ سەر لووتکەکان ھەمیشە ھەور و ھەڵایە، ئیدی ناوی ھەورئامانیان لێناوە. ھەندێ کەس ڕایان وایە کە ھە¬ورامان لە (ئورمەن)ەوە ھاتووە کە ناوی یەکێک لە ئاوازە کۆنەکانی کوردە لە پێش ئیسلامدا. لە ڕاستیدا بە پێی تەواوی بەڵگە و سەرچاوەکانی بینراو و بیسراو دەتوانین ھە¬ورامان بە جێگەی دەسەڵات و گەورەیی بزانین.

شوێنێکە بۆ خاوێن بوونەوەی ڕۆح و ڕەوان و گەیشتن بە ئاستی ھەرە بەرز و سەروو مرۆڤ بوون، شوێنێکە خاکەکەی گەورەپیاو پەروەردە دەکات و بڵاوکەرەوەی ھزر و ڕامانی نایابی فەلسەفی، ئایینی و کۆمەڵگاییە. پاراوترین فەلسەفە کە جێگەی شانازییە بۆ کوردستان ئێرە تێدایەتی . وە بە گوێرەی پێوەری جوگرافی ھیچ شوێنێ لە دونیا بەڕادەی ھە¬ورامان فەیلەسووف و شاعیر و مامۆستا و دەروێش و شوڕشگێر و چاکسازی کۆمەڵگەی لێ نەبووە. ئیبنێ خوردادبە و  ھەندێکی دیکە بە نیشتمانی پالەوی زمانەکانیان “بلادالفھلوبین” وتووە. شەمس قەیسی ڕازی لە پەرتووکی “المعجم فی معاییر اشعار العجم” لە سەدەی ھەشتی کۆچیدا نووسیویە: «خۆشترین نەغمەکان فەھلەویاتە و ئاوازەکەی پێ دەڵێن ئوورمەنان، کە چڕینێکی ئوورامینی یان ئۆرمەنان ئاسایە و پیشاندەری ئاوازی ھە¬ورامانە». بڕێ لە زمان‌ناسەکان ڕایان وایە کە پالەوی شێوازێکە لە وشەی پەرتەوی کە ھەمان پارتی یان ئەشکانییە، وە چوون شکۆی کلتووری ئەشکانییەکان بەربڵاو بووە وەک ساسانییەکان لە دیوانی خۆیاندا بە پالەوی ئاخاوتینە.

لە فەرھەنگی پالەویدا وشە ئارامییەکان کە ئوزوارش یان ھزوارش دەخوێنرێنەوە کروان بە وشەگەلی ئێرانی یان پارسی ناوین ؛ ھەروەھا وشەگەلێ کە لە زمانی کوردی یان شێوەزاری ھە¬ورامیدا ھەیە و ھەنووکەش بەکاری دێنن وەک؛ پەتیارە، پێوەند، ئاسیاو، ھامین، ئامۆژگار، تەم، ئیوارەک، ئاتر، فرە، کنیژک، ڕیش، واچێک… و وشەی زۆری دیکە کە لە وشەکانی پالەوین و ئێستاکەش لە ھەورامیدا ھەن کە ھێمای ئاسان بوون، دەست لێ‌کێشان، وە یان بەلاڕێدا بردنی زمان پیشان ئەدات لە ئێراندا؛ کە بەداخەوە شۆنی ئەم گۆڕانە تەنھا لە ھەوراماندا ھەڵدەکرێت، کەچی ھۆرامی زمانی ئاخاوتنی خەڵکانی ھەرێمی ھەورامانە و دوورە دیمەنێکە لە زمانی پالەوی، لەگەڵ ئەوەشدا لە زۆربەی پەرتووکە مێژووییەکاندا ھەرکاتێ ناوی ڕۆژئاوای ئێران و دەڤەرە ناوەندییەکانی ھاتووە پێیان وتووە فەھلە یان پەھلە و زمانەکەیان بە پالەوی و وێژەکەشی بە فەھلەویاتیان زانیوە. فەھلەویات ناوێکە کەوا بۆ دووبەیتییە وتراوەکانی ناوچەی پەھلەنشین دانراوە کە وتیانە نیشتمانی میدیا لەخۆ دەگرێت. یانی فەھلەویات بریتییە لە کۆمەڵێ ھەڵبەست کە بە شێوەزارەکانی ڕۆژئاوایی، ناوەندی و باکووری ئێران چڕیاوە.  لە زمانی پالەوەی کە وێژەی ئۆلی زەڕدەشتی پێکدێنێت، پەرتووک‌گەلێ وەک دینکەرت، بۆندھێش، داتستان دینیک، ماتیکان، داتستان، کارنامەک ئەرتەخشیر پاپەکان، درەختی ئاسووریک، خوسرەو کواتانئەرتیک، … ماوەتەوە کە بە ھێرشی عەرەبەکان لە سەرەتای ئیسلامدا ھەموویان خستە نێو ئاو یان سووتێنران؛ چونکە نامەی مەجووسەکان کە لەگەڵ قورئاندا نەیدەخوێند دەبوایە لەنێو بچوایێت و عەرەبەکانیش پێیان وابوو کە ئاسەواری کفر دەبێت نەمێنێت.  لە سەردەمی ساسانیدا زمانی دەوڵەتی پالەوی بوو کە نزیک لە کوردی بووە و دەکرێت بڵێین زمانی کوردی ئەو کاتە بووە .”مەلکەلشۆعەرای بەھار” زمانی کوردی بە یەکێک لە چڵە زمانییەکانی ئێران دەزانێت کە پاشماوەی زمانی میدیاییە  و بە سەرھەڵدانی ئیسلام و ھاتنی بۆ ناوچەکە ئەم زمانەش تووشی گۆرانکاری دەبێت. ئەڵبەت ئەم ئاڵ و گۆڕە لە کوردستاندا بە ھۆی بارودۆخی جوگرافی و ھەروەھا تێکەڵچوونی زمانی عەرەبی و فارسی، وە نەتەوەپەرستی گەلی کورد کەمتر کوشندە بووە و کاریگەری ئەوتۆی دانەناوە. نەگۆڕانی زمانی پالەوی لە ھەوراماندا بە وتەی ژاک دومرگان بۆ زنجیرە چیا بەرزو سەرکێشەکان دەگەڕێتەوە کە ئەگەرچی خاڵی ناوەندی و جەمسەری ھەرێمەکەیە وەک سنوورێکیشە، وە دەڵێت لەنێوان چیا ھەڵەمووتەکان کەوا کەس ناتوانێ دەستی پێیان بگات وەک بیوەنیج و ھەورامان زاراوەی تایبەت ھەیە کە ڕەخنە کردنی بیانی بۆ ناوی ئاسان نییە .

بەڵگە و دەق‌گەلێکە بە ھۆرامی نووسراون و لەباری میژووییەوە دەکڕێت ئاماژەی پێ بکەین بنچاخی ھۆرامان، کەلامەکانی یارسان و شانامەی کوردی و شێعری شاعیرانی ئەم دواینەیە. ئەگەر گەرەکمان بیت ئایین لە ھەوراماندا لی بکولین ئەبی بروینە سەردەم ھوریگەری پیش لە میھرپەرەستی. ھەتاو بە تەک دوو بال ھەلو نیشانەی ئەم ئایینەس کە لە سەردەر دەخمەی شیرین و فەرھاد لە شاروچکەی سەحنە سەر بە پاریزگای کرماشان نەقر کریاگە. زانیاری زیادیک لە سەر ئەم ئایینە بە دەس نییە و تەنھا ئەتوانین بلین کە دین ھوزگەل کوردستان پیش لە کوچی نەتەوەی ئاریایی وەک لولویی، میتانی، سوباری، گوتی، کاسی ھوریگەری بووە. دوای ھوریگەری مھرپەرە¬ستی دیتە ئارا. ئەم دینە لە بەر ئەوەی کە لە ریگودا ناوی ھاتووە بومان دەرئەخەی کە پاش کوچ ئاریاییەکان لە ناوچەکە بەلاو ئەبیت.

ئایینی میترا یان مێھر، پێش لە سەرھەلدانی زەردەشت وەک ھێزێکی مەعنەوی لە ھەوراماندا ڕۆڵی ھەبووە، بەتایبەت لە ناو خەڵکی ئاساییدا زۆر خۆشەویست بووە. بەڵام دوای دەرکەوتنی زەردەشت پلە و پایەی میترا تا ڕادەیەکی بەرچاو دابەزی و زەردەشت میترای تا ئاستی یەکێک لە ئیزەدەکانی ئایینەکەی خۆی، نزم کردەوە.

ھۆمباخ لە سەر ئەو بروایە کە زەردەشت باوەڕ بە ئاھورای لە پێشینیانی خۆیەوە وەرگرتووە و وێدەچێ گۆڕانکاری تێدا کرد بێت، یان بۆ یەکەم جار ھەر ئەو ناوی ئاھورامەزدای داھێنابێ بە ئاھورە کاتی تری کردبێت بە سیفاتی ئەو.  مێھر وەک یەکێک لەو ئاھورایانە، کە لە “ریگو دا” و گاتاکاندا وەک خوای پەیمان و ڕاستی و تیشک و ڕووناکی ناساندراوە و لەگەلڕ دوو خوای گرینگی ئەو سەردەمەدا بە ناوەکانی “ئیندرا” و “وارونا” ناوی ھێنراوە، دواتر واتە بۆ جارێکی تر و بە شێوەیەکی تر لە ڕۆژی ٢٥ دیسامبری ٢٧٢ پێش زاییندا، لە خوا ژنی “ناھید” دەکەوێتەوە و ئایینی مێھر سەرھەڵدەداتەوە و لە ڕێگای کوردستان دەگاتە ئاسیای بچووک و لەوێوە دەگاتە سەرانسەری ئەورووپا و دەبێتە ئایینی فەرمی زۆربەی وڵاتانی ئەورووپی. ئایینی میترائیسم بەتایبەتی لە ناو لەشکەریەکان و ھێزە شەڕکەرەکاندا بڵاودەبێتەوە و گەشەدەکا، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بنەماکانی ئەم ئایینە کە لە سەر بنەرەتی “مێرخاسی” و “یاسا” و “لەخۆبردوویی” دانرا بوو. ئەم سیفاتە لە کەلامەکانی یارسان بە وشەی “ڕدا” ڕەنگی داوتەوە. دوای زوھوور زەردەشت خەلک ھەورامان ئەوەلین کەسانیک بون کە پەیرەوی لە زەردەشت و دینەکەی دەکەن.  ئاتەشگای پاوە یەکیک لەو ئاسەوارەی ئەو سەردەمەسە.

دوای بڵاوبوونەوەی ئایینی زەردەشتی، “مانی” لە بنەماڵەیەکی ئەشکانیدا لە “بابل” لە ساڵی “٢١٦”ی زایینی لە دایک دەبێ و لە ساڵی “٢٤٢”ی زایینیدا واتە لە سەردەمی شاپووری یەکەمدا، ئایینە تایبەتەکەی خۆی دەردەخا. لەم ئایینەدا “مادە” و “گیان” بە دوو دیاردەی دژ بە یەک ناسراون و ھەروەک ئایینەکانی تری کوردستان “ھووری، زەردەشتی و میترایی” لە ئایینی مانەویش دا “مادە” سەرچاوەی ناپاکی و شەڕە و “گیان” کانگای ڕووناکی و پاکییە. دوو سەدە دوای مانی، لە ساڵی “٤٨٨” زایینی دا، کەسێک بە ناوی “مەزدەک” ئایینێکی پێکھێنا کە دەتوانین بڵێین تا ڕادەیەکی زۆر لە ژێر کاریگەری ئایینی مانیدا بوو. مەزدەک بڕوای بە دوو سەرچاوەی دژبەیەکی “ڕووناکی و تاریکی” ھەبوو. لە بەڵگەنامەکانی وە دەست ھاتوو لە “توورفان”، دووبەرەکی نێوان دەسەڵاتدارانی “زروانی” و “مانی” رەنگدانەوەی ھەبووە. لە راپورتگەلی میژوویی وەک گێڕانەوەکانی “الفھرست” و “مەسعوودی” و “شەھرستانی” وا دەردەکەویت کە شارەزوور، میھرجان قەزەق “مھرگان کدە”، “سیمرە” و “سیروان”، ناوچەگەلی ناوەندی بزووتنەوە بووگن و تەنانەت “خورەمییە”ش بە پەیرەوکەرانی مەزدەک دەناسینن لەبەر ئەوەی “خورەمە” نیوی خیزانی مەزدەک بووەیان بزووتنەوەگەلی “مانەوی” و “مەزدەکی” کە لە ناوچەگەلی “مووسڵ” و “کەرکووک” رووی داوە.ئەمانە ھەموو پیشاندەری ئەو راستیەن کە ئەم دوو بزووتنەوە پەیوەندییەکی فراوانیان لەگەڵ کوردستان و کورد بووە و بەتایبەت دەتوانین بڵیین رەنگە بەھۆی رۆحی ریفۆرمیستی و ئاسانگیری لای یارسانەکان، ئەم ئایینە، بەستیشک باش بووبێت بۆ سەرھەڵدانی ئەم دوو بزووتنەوە. ھەروەھا لە “الملل و النحل” لە شاخەی “کووزەکییە” کە دەتوانین بڵیین لە “خورەمدینان” بن و لە ناوچەگەلی “شارەزوور”، نیشتەجێ بوون باس کراوە  و ھەروەھا کە لە تیکستەدا ھاتووە ئەمانە “خورەمدینان” کە لە پەیڕەوکەرانی مەزدەک بووگن لەدوای بابەک دێنە نێو ریزەکانی یارانی شاخۆشین و بە ریفۆرمگەلێک کە شاخۆشین لە ئایدیاو ریی و رەسمیان¬دا وەدی دەھێنێت ئەوان لە قاڵبی فەرمانەکانی ئایینی یارسانی فۆرم دەدات. پاش دەرکەوتنی ئیسلام و ھێرشی داگیرکەرانەی عەرەب بۆ بڵاوکردنەوە و پەرەپێدانی ئەم ئایینە، کوردستانیشی گرتەوە و نەتەوەی کوردیش لە ماوەیەکی کورت دایان بە زەبری شمشێر. “قیس بن سلمە الاشجعی” بەرەو ناوچەی لوڕستان وەرێ کەوت و لەگەلڕ کوردەکانی “ماسبزان ” و “سەمیرە” بە شەڕ ھات . سەلمە داوای لە کوردەکانی ئەو ناوچەیە کرد کە یان ئیسلام وەرگرن، یان لە سەر ئایینی کۆنی خۆیان بمێننەوە و “جزیە  ” بدەن. بەڵام کوردەکان بە گوێیان نەکرد و لەگەڵی بە شەڕ ھاتن، لە ئاکامدا کوردەکانی تێکشکاند و زۆری لێکوشتن و بە دیلی گرتن . “ابو موسی اشعری”یش کە فەرماندەی لەشکری بەسرە بوو، ھەڵیکوتایە سەر “دینەوەر” و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ ئەو شارەی گەمارۆدا، کە لە ئەنجامدا کوردەکان بە پێشکەشکردنی جزیە لە سەر ئایینی باوباپیرانیان مانەوە و گەمارۆی شارەکەیان کۆتایی پێھات. دواتر “اشعری” ھەڵی کوتایە سەر سیروان و دانیشتوانی ئەو ناوچەیەش ھەروەک دینەوەر پێشکەشکردنی جزیەیان گرتە ئەستۆ.

پاش ئەم کورتە راپورتەی کە وترا ئەڕوینە سەر باسە سەرەکییەکەی ئەم مەقالە، یانی یارسان لە ھەورامان.

ئایینی یاری راستیێکی بزاوتەیە لە درێژەی زەماندا کە بە شێوەی دەروونی لەکن کەسانی چاک لە سەردەمانی جودادا ھەر لە ھووریگەرییەوە ھەتا مێھرپەرەستی و زەردەشتیگەری ھەبووە ھەتاکوو لە سەدەی حەوتی کۆچی گەشە دەکەوێتە گەشە کردن.

بە پێی بەڵگە مێژووییەکان، دەکرێ ئایینی یارسان وتەکانی بەھلوولی زانا لە سەدەی دووھەمی کۆچی مانگی بناسێنین، پاش ئەویش چەندین کەسایەتی دیکە وەکوو «شاخۆشین لوڕستانی» ، «بابا سەرھەنگ دەودانی»، «بابا جەلیل و بابا ناوس سەرگەتی» تا سەرەتاکانی حەوتەم کە یەک لەدوای یەک دێن سەرھەڵدێنن. نابێ لە بیربکرێ کە ناوچەی ھەورامان بۆ یارسان، سەرچاوەی ھەموو پێشھاتە ئاسمانییەکانە و ھەموو دیاردە ئاینییەکان لەم ناوچەیەدا دەردەکەوێ. ئەگەر لە شوێنێکی تریش ڕووبدات، بێگۆمان نیشانە و ھێمایەک لەو دیاردە یان ڕووداوە لە ھەورامان دەبینرێت. بەپێی ئەم بۆچوونە ئایینییە، ھەورامان ناوەندی پیرۆزی “یاری”یە و گرینگترین “دەورەکان”ی ئایینی لەم ناوچەیە ڕوویداوە و تێپەڕ بووە، ھەر ئەمەش بۆتە ھۆی ئەوە کە پەیڕەوانی ئەم ئایینە لە ناوچەی ھەورامان بۆ زیارەتی ھیچ شوێنێکی پیرۆز لە ھەورامان دوور نەکەونەوە، چونکە ھەموو شوێنە پیرۆزەکانی دنیا، بەرانبەر ھیماکانیان لە ھەورامان ھەیە . بە واتەیەکی تر، ھەورامان قیبلەی یارسانە.

نوستالژی لە روانگەی یارسانیش ھەر ھەمان راڤەی لیدەکەویتەوە کە “میرزائیلیادە” دەڵیت: “ھەستێکی پوشراوی رازوەرانە لەگەڵ خاک ھەیە و ئەم شتە تەنیا خۆشەویستییەکی ئاسایی بەنیسبەت ولات و پارێزگا و ستایشی دیمەنی ناسراو بەرز راگرتنی ئاباو ئەجدا کە لە جیلگەلی پیشوودا لە دەوروبەری کلیسای دیھات نیژراون نییە. شتێکیتر ھەیە ئەزموونی ناوچەگرایی، ھەستی قوولی ھاتنەدەر لە زەوی و لەدایکبوونیکی تایبەت بە ھەمان شێوە کە زەوی بە ھێزی بی کوتایی سەوزکردن و پەروەردە کردن، ژیان بە داروبەرد و روخانە و گل و گیا دەبەخشیت. بویە ئەبێ بەم شێوە ناوچەگەرایی دەرک بکرێت. مرۆڤ ھەست دەکە کات کە ئینسانەکان وابەستەبوونیان بە جیگایەکەوە ھەیە و ئەم ھەستی پیوەندی روحییە، قووڵتر لە پیوەندی بنەماڵەیی و نیژادی و… تامەزروویی گەرانەوە و نیژران لە وڵاتی خو لە کاتی مردن و ئەسپەردە کردن لە خاکی دایک… ئیستا دەتوانین مانای خاکی نیشتمان دەرک کەین و ھەستی ترسان لە ئەسپەردە کران لە خاکی بێگانە دەرک بکەین. ئەمە بە مانای ھەستی خوشی وەسڵ بوونی دووبارەیە بە خاکی دایک.

وشەی ھۆرامان لە زۆربەی بەڵگەکاندا بۆ شوێنی جوگرافیایی لەبەرچاو گیراوە و وشەی گۆرانیش بۆ وێژە و شێوەزاری پێوەندیدار بەم دەڤەرەوە. تۆژەرانی کوردناس ئەم خەڵکە بە خۆماڵییەکانی مادی کۆن دەزانن کە لەباری زمانییەوە جودان لە کوردەکانی دیکە و لەگەڵ ئەو تیرە شەڕکەر و کۆچەرەی کوردا لێک جیاوازن، چونکە ئەمان لە گوندەکان نیشتەجێ بوون و کاری کشت وکاڵ و جووتیارییان دەکرد. گۆرانەکان خۆیان بە تۆرەمەی بەھرامی گۆڕ پاشای ساسانی دەزانن، بەڵام بڕێ لە توێژەران وەک «ن. مار» لەسەر ئەو ڕایەن کە وشەی “گۆڕ” شتێک نییە بێجگە لە وشەی گۆڕدراوی کورد . “ڕیچ” کە لە توێژەرانی ڕەگەزناسی ئەرووپییە کوردەکان لە باری ھەیکەلی سروشتییەوە دەکات بە دوو ھۆز : یەکەم شوانکارە و ڕەوەندەکان کە دەوارنشین و کۆچەر و ئازا بوون کە بە “ئاسیرتا” ناوبانگیان ھەبوو، دووھەم گوندنشین و وەرزێڕەکان کە بە گۆران دەناسران.

مینۆرسکی دەڵێت: ناوی گۆرانەکان بۆ وشەی کۆنی گاوبارە دەگەڕێتەوە کە یەکەم نشینگەیان دەڤەرە باکوورییەکانی ئێران بوو لە نزدیک زەریای کاسپییەن(خەزەر) کە بنەماڵەی گاوبارگان، دەیلەمستان و تەبرستان لە ماوەی سەدەی حەوتەمی زایینیدا فەرمانڕەواییان دەکرد کە سەرجەم دەکرێت بۆیان مێژووی دووھەزار ساڵە لە بەرچاو بگیردرێت، بێجگە لەمانە لەسەر یەکێک لە مۆرەکانی سەردەمی ساسانی وشەی گۆران ھەیە . مارتین وان برویین سێن دەڵێت: لە یەکێک لە سروودە ئایینیەکانی ئەھلی ھەق کە من لە داڵاھۆ تۆمارم کرد لەوژەی گۆران تێکەڵی کوردە و لەنێویدایە ، پیرەمێردێ کە ئەمەم لێ بیست و خۆشی گۆران بوو مانای ناوەکانی نێو چڕینەکەی ئاوەھا شرۆڤە کرد: کورد لە ژێر خێوەت و دەورادایە، گۆران لە گوند نیشتەجێیە. ئەو باس لە جیاوازی ڕەگەزی و نەژادی ناکات و ھەندێ کات کورد وەک مۆرکی نەتەوەیی بەکار دەھێنا و پاشان گۆرانیشی بە بەشێ لە کوردان ناوزەد دەکرد.

ھەورامان لە ڕابردوودا بە ھۆی ئەزمەی خۆجێ بوون ھەمیشە زەمینەی لەبار بووە بۆ گەشە و نەشە؛ وە ھەروەھا بە بۆنەی چڕ و ڕژدی سروشتییەوە کەمتر کەوتۆتە بەر ھرووژمی داگیرکەران، ھەر بۆیە تەواوی ڕێبازی ھزری خۆی بۆ ماوەیکی دوور و درێژ پاراستووە و دۆخێکی باش و ئامادەی ھەبووە بۆ شۆڕشی فیکری کە گرنگترین ڕووداوی ھزری ناوچەکەوا نوێ، پێگەیشتوو، وە ئاخرین زاوزێی فیکری ئەویاش بووە یاری و باسی یارسانە کە وێرای ھەموو دژایەتی و بەرھەڵستیێ پەرەی بە بڕەودانی ھزر و بیری خۆیدا. ئەم شۆرشە بە سەرھەڵدانی سوڵتان ئێسحاقی بەرزەنجەیی بەھێزتر بوو، وە بە پێی بەڵگە و گەواھی میژوو و دەقەکانی یارسانی کەمتر کەسێک لە گەورە و ناودارەکان مابوون کە ڕوو نەکەنە ئەم ڕامانە نوێیە.

پاش مردنی شاوەیس‌قولی و پەرەستاندی ئیسلام لە ناوچەکە،خەڵک لە ژێر کاریگەری کلتووری زاڵ و ھەروەھا ڕەمزی بوونی ھزری یارسان و دژوارییەکەی؛ کە دەیخاتە ئەو پەڕی قورسی و پتەوی – بەزۆری ڕوو دەکەنە ئیسلام. کە ئەم کارە بەداخەوە دەبێتە ھۆی ئەوەیکە نۆمسڵمانەکان لەژێر پاڵپشتی دەسەڵاتی ئایینی نوێدا ئاژاوە بگێڕن، وە باسی لەدین لادان و زۆر لێکردنی خەڵک بۆ دان‌نان بە ئایینی خۆیان بکەن، وە ھەر ئەمە بووە ھۆی ئەوە زۆرێ لە یارسانەکان لە ھۆرامان کۆچ بکەن و ڕوو بکەنە ناوچەکانی دیکە. دەڤەرەکانی دیکەی ھۆرامان کە باسمان کرد و لە ژێر دەسەڵاتی یاریدا بوون بە ھۆی دووبەرەکیێ کە ھاتە گۆڕێ دەستیان دایە خەباتێکی شارستانی و لەھەمبەر بشێوی نانەوەی نۆمسڵمانەکان دەستیان دایە کۆچ کردن لە زێدی خۆیان، کە ئەم خەباتە بە جۆرێک پشت کردن لەکلتووری خۆیی بوو ھەتا ئەو جێگە ئیدی یارسان بە ھۆرامی قسەی نەدەکرد و زمانێکی دیکەی دەنا جێگەی زمانی خۆی، وەک یارسانەکانی نیشتەجێی ئێراق؛ کەس لەوان بە ھۆرامی قسە ناکات. کۆڕەوی یارسانەکان لە ھەورامانەوە دەبێتە ھۆی ئەوە کە ئەم ناوچەش لە خەڵکی چۆڵ بێت؛ ھەر ئەم کێشەیە دەبێتە ھۆی ئەوە کە ھەورامانێ کە سەردەمانێ دڵی فەرھەنگ و ئەدەب و ھەموو شتێکی کوردستان بوو وە خۆیای دەکرد لە لۆڕستان ھەتا موکریان، بەرەبەرە بەربڵاوی خۆی بدۆڕێنێت.

گۆرانەکان پاش جودایی لە زێدی خۆیان و پچڕانی پێوەندییان لەگەڵ ھەورامان بە بۆنەی شەڕی ئۆلییەوە تووشی بەلاڕێدا چوونی زمانیش بوون وە بە ھۆی ھاوسێ بوون لەگەڵ ناوچە باشوورییەکانی کوردستان و دوورکەوتنەوە و دابڕان لە ھەورامان وە تێکەڵ بوونی زمانی و قەرز گرتنی وشە لە دراوسێکانیان ھۆکار بوو بۆ ئەوەی ئیدی بە ھەورامی قسە نەکەن. ئەڵبەت کەسانێک ھەن لە دەوروبەری ناوچەی گۆرانەکان کە ھەنووکەش بە ھەورامی دەئاخڤن، وەک کەندۆڵە و گوندەکانی لای قەسرشیرین،بان زەردە لە داڵاھۆ …

ھەروەھا کە وتراخەڵکانی نیشتەجێی ھەورامان گۆران ئەژمار دەکرێن وە ئەم چەمکەش بە چەند ھۆ و ھۆکار ڕەسەنە و دروستیشە. سەرەتا ئەوەیکە ھەورامان بەھۆی یەک‌جێگەنشینی یەکەم کەسانی شوێنکەوتەی زەڕدەشت بوونە و شوێنەکانی دیکە کوردستان وەک ڕابردوو لەسەر ئۆلی مێھرپەرستی بوونە کە ئایینی جەنگاوەری و کۆچ و ڕەو بووە. ھەربۆیە وشەی گۆران کە ھەمان گاوران(گەبران) یان ئاورپەرستانە پێیان ئەدرێت،  بۆیە پاراستنی وجاخی ئاور تایبەتی خۆجێیەکانە. ئەم ناوە دوای موسڵمان بوونی خەڵکانی ھەورامان لەسەر یارسانەکان دەمێنێتەوە، چونکە یارسانەکان لە قبووڵ کردنی ئیسلام مل بائەدەن و لەسەر ئایینی پێشووی خۆیان دەمێننەوە. وە چونکە گرنگترین ڕووداوی مێژووی ئەم ناوچەیە سەرھەڵدانی ھزری یارسانە زۆربەی توێژەران  وشەی گۆران بە ھەمان یارسان دەزانن لە حاڵێکدا ئەمرۆکە وەھا نییە چونکە ھەن کەسانێک گۆرانن، بەڵام یارسان نین.

ڕەوتی گۆڕانی ئەم وشەیە (گۆران) لە درێژەی مێژوودا مانای جیاواز لەخۆ دەگرێت بە جۆرێکە پێش ئیسلام گۆرانیان بە خەڵکانی نیشتەجێ ھەورامان دەوت کە خاوەنی تایبەتمەندی پێناسە بوون لەباری کلتوور، بیر و بڕوا و زمانەوە و تەواویەتی یەک ھۆزی لەخۆ دەگرت. ئەم تایبەتمەندییە ھەتا سەدەی حەوتەم ھەر مایەوە و لەم سەدەیەدا وشەی گۆران بە شێوەی تایبەتی لە دەقەکانی یارساندا دەبینین، ھەتا ئەو جێگەیە یەکێک لە مامۆستاکانی سوننی  بە ناوی عابدینی جاف دەبێتە یارسان و بە سوڵتان ئێسحاق دەڵێت: «من ئەو کوردم تۆ ئەو گۆران» . ناتوانین مکوڕ بین لەسەر ئەوە کە بانگ کردنی سوڵتان ئێسحاق بە گۆران بە بۆنەی زمانەکەیەوە بووە یان ئەوەیکە ئایینێکی جودا لە ئیسلامی بووە، بەتایبەت ئەوەیکە ھۆرامان ھەتا سەدەی ھەشتی کۆچی موسڵمان نەبووە و یەکەم نوێژی بەکۆمەڵیش کە تێدا کرا مەولانا گوشایش خوێندی. دەوترێت کە خەڵکی ھۆرامان لەو کاتەدا لە زاناکانی خۆیان ئەپرسی:«قروونی قەدیما یان مارەفەتەو پیرشالیار»، زاناکانیش لە وڵامدا دەیان‌وت: «مارەفەتەو پیرشالیار قەدیما قروونی ھیزیکە گوشایشە کۆرە ئاوەردەنش» . بەھەر شێوازیک ئەگەر ھەرکام لەم دووانە بکەینە بناغەی ناونان پاش دەرچوونی شاوەیس‌قولی لە ھەورامان ئیدی وشەی گۆران بەکار نەھات بۆ کەسێکی بەدەر لەم شۆپە یان ھەورامی زمان، تەنانەت لە دەقەکانی کەلامیشدا گۆران تەنھا بۆ ھەشت ھۆزی نیشتەجێ بەکار ھاتووە کە لە ناوچەکانی شاھاباد و کرێند و دەوروپشتی بڵاوەیان کردووە.‏ وە ئەمە ھۆکارە بۆ ئەوەی ھەنووکە نەتوانین وشەی گۆران بۆ ھەورامانی ئێستا بەکار بێنین کەچی گۆران بە واتای خەڵکانی ناوەندی کوردستان بووە کە لە لۆڕستانەوە ھەتا موکریانی لەخۆ دەگرت.

ئوستورە یان”میت” لە ھزری یارساندا بایەخی زۆر پێدراوە. لە راستیدا کەسێکی یاراسانی پێش خوێندنەوەی کەلامەکانی سەرئەنجام، لاینکەم پێویستە یەک جار شانامەی خوێندبێتەوە. دەتوانین بڵێین ھەر چیرۆکێکی “میت” باسی بناخە و بنیاتی شتێکمان بۆ دەگێڕێتەوە و باسی بەردەوامبوونی ھەمان شت دەکات. میت لە ڕووی پێکھاتنەوە، بەتایبەت ئەو میتانەی باسی بنیاتی دیاردەکان دەکەن، لەگەلڕ ئەو میتانەی چۆنیەتی ئافراندنی گەردوونمان بۆ دەگێڕنەوە، لێکچووییەکی تەواو دەبینرێت.

لێکۆڵەری ئیتالی “پتازۆنی” سەبارەت بە میتۆلۆژی دەنووسێت: میت ئەفسانە نییە، بەڵکوو مێژووە، مێژوویەکی ڕاستەقینە نەک درۆ. گێڕانەوەی میت خۆی لە خۆیا “ئایین”ـە و ھەمان ئەرک و ئامانجی ئایین بە جێ دەھێنێت، بانی پاسەوانی لەبەردەوامی ژیان و گەشەکردنی. ھۆی ڕەنگدانەوەی میتەکان لە دەقەکانی یارسانیشدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەم تایبەتمەندییەی میتەکان. کە ئەمەش نابێ وەک باوەڕ بە بوونەوەرە خەیاڵییەکان و خورافات لێکبدرێتەوە. چۆنکە چیرۆکی “میت” گێڕانەوەی “حەقیقەت”ـە. لەحاڵێکدا کە خورافات لادانە لە حەقیقەت.

کەواتە بایەخی “میت” لەگێرانەوەی بەردەوام و ڕەنگدانەوەیان لە ئایینەکاندا دەردەکەوێ. لەڕاستیدا ئەرکی ھەرەگرینگی میتەکان وە بیرھێنانەوەی ئەو ڕوودانەیە کە لەدەستپێکی عالەمدا ڕوویانداوە و ھەر ئەمەش یاریدەری مرۆڤی سەرەتایییە بۆ تێگەیشتن لە حەقیقەت و چۆنییەتی شتەکان. کەواتە میت ئەوە دەسەلمێنێت کە دیاردەیەکی پایەدار و بەردەوام لە عالەمدا بوونی ھەیە و ئەو دیاردەیە پیرۆز و ڕۆحانییە.

باس کردن لە ھیما و نیشانەکان، یەکێک لە بنەماکانی زمانی وتاری لە “سەرەنجام”دا کە وەک رواڵەتێک لە راڤە کردنن مانای تەمسیلدا خوی دەنوێنێ و لەباری جوانکارییەوە، رەنگ و رواڵەتێکی فرە زەریف بە سەرەنجام دەبەخشیت. لەواقیعدا، ھیما یا نیشانە، بە پاراستنی ناوەرۆکی خوی وەک حەقیقەت، ھەبوون دەبەخشیت بە شتەی کە کەوتووتە بەرباسی تەمسیل و بەپیی ھەبوونی ئەو واقیعە حەقیقییە، ھەبوون ئۆبژکتیو دەکاتەوە.

لە سەرەنجامدا ھەر ھەبوونێکی باسکراو بە شێوازێکی ھەتا ھەتایی لەگەڵ ھەموو ئەو شتانەی کە رەمزو نھێنیییەکانی جیھان و ئافراندنە، پیوەندییەکی رەچاو نەکراوەی ھەیە کە بۆ ئەو کەسەی ئاگاداری نھێنیییەکان نەبێت مانای نابێت و لەواقیعدا ئەو ھەبوونە، ئاوینەیە کە بۆ تیشک خستنەسەر شتێک کە بەدەست نایەت. “سەرەنجام” بە تەمسیل و ھیمای “ئیشراقی”، ئەو شتەی کە ئەبێ لە عیرفان و کەشف و شھوود بۆ مالک روون بێتەوە یەکجا لە قاڵبی ھیمادا پێشان دەدات و لە ھەمان کاتدا تۆ دەبات بەرەو زەریایەکی بێکەران کە دەسپێکی سەرگردانی و ھەژاری تۆیە بۆ دەست پەیدا کردن بە حەقیقەت.

یارسانی لە چوارچێوەی مرۆڤایەتی، ھەرگیز بە شێوازێکی تەواو، خوی بە بەشێک لە ئەندیشەی یاسا نازانێت کە بەھۆی ئەوە ئازادی خوی لەدەست بدات و بکەوێتە داوی یەخسیربوونی فیکری.

بەکاربردنی یاسا و ریسا، بەشێوازێکی مۆرالییانە، ھەمووی بۆ گەیشتن بە ئارمان و لە رێگەی ھەنگاو ھەڵگرتن بەرەوپیشە. بەڵام لە شێوازی سەرەتاییدا بەواتای فۆرماسیونی تاکایەتی دێت و ئەخلاق وەک بنەمای بروا و ھەروەھا جوانی رووبەرووبوونەوە کە پێداویستی ھەبوونی مرۆڤ و مرۆڤایەتییە خوی پێشان دەدات و ھەمان باس ئەبێتە ھۆی رێزگرتن لە “تەواوەتی” و قبووڵ نەکردنی خراپە و خراپی لە تاکەکانی کۆمەڵگای یاریدا و بەشێوازی پێداویستییەک بۆ دروست کردنی پیوەندی و لێک نزیک بوونەوە خوی دەردەخات و ئاشکرا دەبێت. یەکێک لە تەوەرەکانی وینینی یاری، باسی نەبوونی موتڵەق بوون و نیسبی بوون ھەبووەکانە کە مرۆڤ لە چوارچێوەیەکی گشتگیر ناتوانێت باسی خراپی یا باشی شتێک بکات لەبەر ئەوەی کە لە روانگەی تەواوەتی و بە وینینی کراوە، ھیچ شتەیەک ناتوانێ لە حیکمەت خاڵی بێتەوە. ئەوە دوور لە گومان نییە کە باسێک لە یەک کۆمەڵگادا وەک بایەخ سەیر بکرێت بەڵام کۆمەڵگایەکیتر وا سەیری نەکات. بۆیە یارسانی دەڵین خوڵقێنەری جوانترین و ناشیرینترین، ھەر یەکێکە.بەپێچەوانەی ئایینەکانیتر کە ئەو کەسانەی کە دژایەتی لە گەڵدا دەکەن بە ناپاکیان نازانێ. بە وتەی شێخ ئەمیر:

ئەگەر ئایین وێت وە خاس مەزانی              وە ئایینی کـەس بەد نمـەوانی

لە ئایینی یارسان دەبینرێتەوە، مرۆڤی یارسانی خاوەن روانگەیەکی مرۆڤ مەدارە کە باوەڕی بە فەلسەفەی پڕاگماتیسمە و لە سێبەری یەکتاپەرەستی و باوەڕ بە دونیای پاش مردن و ھەستانەوەی دووبارەیی و چاوەڕوانی ھاتنی رزگارکەری گەورە، ئازادی و مرۆڤ خودایی، خۆی تا ھەبوون و ببوون لە لووتکەی میتالیتەی مۆراڵ خۆی کە بناغەی ئەم بۆچوونەیە ببینێتەوە، ھەتا ھەست بە ئەوپەڕی گەشەسەندن و بەرەو لووتکەی مەعریفی لە چوارچێوەی ماناو لە دەروونی خۆی بکا. بناخەی باوەڕی یاری، ڕێزگرتن لە مرۆڤایەتییە کە دەتوانین ڕاستی ئەم باوەڕە لە تەوەری خۆناسی و “مرۆڤخوایی”دا کە بنەمای فیکری ئەم ئایینەیە دەست نیشان بکەین. ئەم بۆچوونە وا لە مرۆڤ دەکات کە وەڵامی خراپە بە چاکە بداتەوە و ھەر ئەمەش دەبێتە ھۆی پەروەردەی دەروونی بۆ باشتر بوون و گەیشتن بە پلەیەکی ئەخلاقی بەرزتر. لەم بارەوە شێخ ئەمیر دەفەرموێ

ئەو مەواچۆ دەرد تۆ باچە گیان            پەرێ تۆ سودە پەرێ ئەو زیان

بە کورتی دەتوانین بڵێین: مرۆڤایەتی و مرۆڤدۆستی یەکێکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئایینی یارسان، کە ئەم ھزرە لە سەدەی چوارەم و پێنجەمی کۆچیدا داڕێژراوە و لە سەردەمی سوڵتان سەھاکدا گەشەی کردووە. لەم ئایینەدا، ھزری مرۆڤ دۆستی و ڕێزگرتن لە مرۆڤ، پەیوەندی بە “ئەخلاق” گرایی و بەخشینی پلەیکی ھەرە بەرز بە مورالیتەوە “ئەخلاقیات” ھەیە.

ئەخلاق لە ئایینی یاریدا ڕێبازێکە بۆ پەروەردەکردنی کەسایەتی پەیڕەوان لە ھەموو بوارێکدا، ئەویش پەروەردە کردنێکی وەھا کە بگاتە ئەوپەڕی لە خۆبردوویی و خۆبەخشی لە پێناو بەرژەوەندی مرۆڤایەتی بەگشتی و یارانی ھاوئایین بە تایبەت، کە ئەمەش بەباشترین شێوە لە یەکگرتوویی و یەکبوونیی  یاران لە “جەم”دا ڕەنگ دەداتەوە. کەواتە “جەم” لە ئایینی یارساندا تەنیا شوێنێک نییە بۆ کۆبوونەوەی “یاران”، بەڵکوو سەمبولێکی ئایینیە کە ھزری یەکبوونیی یار و یاران بەدی دەکا و پەردە لە سەر چاوی باوەڕپێکەران لادەبا، لە “یار”دا دەیانتوێنیتەوە و دەیانگەیەنێتە ئەو ئاستەی کە بتوانن سیمای “یار” لە ڕووخساری “یاران”دا بدۆزنەوە . شێخ ئەمیر دەفەرموێ:

من کە سەمەدم نە چھرەی یارەن          جە ئامان لوان کاوەم چ کارەن 

جەم جیا لە بەھای ئایینی، بایەخێکی ھەرە گرینگی کۆمەڵایەتیشی ھەیە و شوێنێکە بۆ یەکگرتوویی و یەکێتی پەیڕەوانی ئەم ئایینە. بە فەرموودەی پیر بنامین:

پولی ھام دڵی، پوڵی ھـام دڵی                بێـدێ بنیشمێ پـــوڵی ھــام دڵی

ئاوێنەی زێلان بـــدەریم  جلێ                 چە جەم حاسل مۆ گردی موشکڵی

پەیڕەوانی یارسان “تاکە خوایی”  لە “زۆرینە باوەڕی” دا دەبینن، بەپێی ئەم بۆچوونە نووری خوا لە ھەموو شتێکدا ھەیە، بەڵام لە ھەر شوێن و زمانێکدا ھەندێ سەرچاوەی بەھێز ھەن کە توانایی و کارامەییەکی باڵاتریان ھەیە و نوور و زاتی خوا لەم جۆرە شوێن و سەرچاوانەدا لە ئاستێکی بەرزتر و بەھێزتردا دەردەکەوێ. بۆ نموونە لە “کۆمەڵەی خور “دا ھەتاو کارامەیی تەواوی ھەیە بۆ دەرکەوتن و سەقامگیربوونی نوور و ھێزی خوا، ھەر ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی کە “ھەتاو” لە ئایینی یارساندا ڕێزی تەواوی ھەبێت و بە پیرۆز دابنرێت. پیرڕەمزبار سەبارەت بە یەکبوویی و زۆرینە باوەڕی “تکسر” دەفەرموێ:

ھەزار یەک خودا ھەزار یەک پیرەن              خودا یەکیوەن پیر ھەر یەک پیرەن

بناخەی باوەڕ بە “کۆ” و دوورکەوتنەوە لە “تاک”، کە لەلایەن سوڵتان سەھاکەوە دانراوە بە مەبەستی پاراستنی کۆمەڵگای یاریی و دوورخستنەوە لە خۆ بە زل زانی پەیڕەوانی بووە. پێداگری لەسەر ئەم بۆچوونە ھۆی ئەوە کە لەم ھزرەدا تاک پەرەستی و خۆبەزل زانین بوونی نەبێت، تاڕادەیەک کە زیارەتی مەزاری کەسایەتییەکانیش، بە کەسایەتییەکانی دەورەی پردیوەریشەوە بگرە، لەم ئایینەدا بایەخی پێنەدرێت و باو نەبێت. لەم بارەوە عابدین دوای وەرگرتنی ھزری یاری گوتویەتی چیتر زیارەتی گومبەزە قوڕینەکان ناکات:

دی ناکەم زیارەت بە گڵی گومەتان               لە جەم دوینم پیاڵە وە لززەتان

ھەروەھا ھەبوونی باوەڕ بە “تەواونەبوون” لەم ئایینەدا یەکێکی ترە لە خاڵە جوان و بایەخدارەکانی کە بووەتە ھۆی نوێبوونەوەی بەردەوام و دوورکەوتنەوەی لە بەجێمان و دواکەوتوویی. لەڕاستیدا بنیاتی ئەم ھزرە لە سەر ڕزگارکردنی عەقل و ئەندیشە لە زەنجیری خورافات و دواکەوتوویی دانراوە. ھێز و دەسەڵاتیش، لە ھەر چەشنێک، دەتوانێت ببێتە ھۆی لادان و خۆبە زل زانین و لە خۆدەرچوون، کە واتە ئەم دیاردەش دەبێت کۆنترولڕ بکرێت و ئیزنی دەرکەوتنی پێنەدرێت، تا لە چوارچێوەی مرۆڤایەتیدا بمێنێتەوە. چونکە ئەگەر وا نەبێت دەبێتە ئامرازیک بۆ دابینکردنی بەرژەوەندی تاکە کەسی و داسەپاندنی بۆچوونی تاکەکەس بەسەر کۆمەڵگادا، ئەمەش یەکێکە لە گەورەترین و مەترسی دارترین دوژمنەکانی یاریی و یارسان.

پەیوەندی مرۆڤ و سروشت و بە دایک و گەوھەری ژیان دانانی سرءشت، جیا لە ھزری یاری، لە ھەندێک ھزر و ئایینەکانی تریش دا ڕەچاو دەکرێت. لەوانە زەردەشتی گەری، ھیندوئیسم و بووزیسم جێگای ئاماژەن.

ئەڵبەت ئاشکرایە کە ھەر بوونەوەرێک لە گەلڕ بوونەوەرەکانی تردا نیسبەتی ھەیە و ئەم دونیایە ھەموو شتەکانی پێکەوە گرێ دراوە کە تەنیا و تەنیا بە بھەرەمەند بوون لە “ھزری زۆرینە باوەڕی” دەتوانین لێی تێبگەین. بابا سەرھەنگ لەم بارەوە دەفەرموێ:

یاریمان نییان پا گـــــەلو پا تەرم          تا ھــــەر بلالـن وە  ئازەرمو شــەرم

نە راگەی خۆتان زێلتان کەرن گەرم          ئی روزگار پویچەن مەویەرۆ چوین وەرم   

باباسەرھەنگ پەرەدانی حەقیقەت لە نێو ئاپۆرەی خەلک دا لەم دووخشتە دا بە شێوەیەکی جوان شرۆڤەی کردووە، لە سەر ئەو گرنگایەتیە پێداگر بوو کە حەقیقەت لە کن ھەموو مرۆڤەکان (لە ھەر رەگەز و ئایینێک) دەبێ. بە کورتی ئەوانەی کە دڵیان گەرم و دڵۆڤانە.

یەکسانی نێوان ژن و پیاو خاریج لە دروشم و گوتارھای بێ ناوەڕۆک بە کردەوە و لە کردەوەدا لەم ئایینە ھێڵی سەیری فیکری و کرداری ژن بەیان دەکا. لە روانگەی یاری دوور لە شێوە ساری ئافراندن و دەفرایەتی جیسمی و پرسەکانی پێوەندی¬داری ھیچ چەشنە جیاوازیەک نێوان ژن و پیاو قاییل نییە و ھەردووکیانی وەکوو یەک ناساندووە و بەم جۆرە تەواوی ماف و مافگەلێ کە پێگە و دۆخی ھەردوولایەن لە کۆمەڵگا دەست نیشان دەکا یەکسان دەزانێ وەکوو مافی میرات یەکسان، مافی تەڵاق… سوڵتان ئیسحاق دمەڕ یەکسانی مافەکانی ژن و پیاو دەفەرموێ:

 

کناچە وکوڕی ،…                                             تەوفیرشان نییەن کناچــە وکوڕی

            بەش سـوڵتانەن ئەزەڵ ھەوەڕی              خـاتونە دایراک ئی بـەشش خـڕی

            پــوشاک یاری ئەو بالاش بـڕی                  بیا وە دایـــان پـوران حــــوڕی

            ھەر کەسی باچۆ کناچە وکوڕی               مەوەزیش وە دەم مەودای کەیبڕی

 

ھەورامان لە ناخی خۆی ئەدەبیات کەلامی و شاھنامەی ھەیە کە وەرگیراو لە ئۆستورە و حەقیقەت کائیناتیە، ھەر وەھا یەکیک لە ئەو تەمەدونانەس کە تێکەڵ بە شەھرستانیەتە، وە ئەتوانیم لە روانگەی کومەڵناسی زۆربەی لە ئەو فاکتورەیل مروڤمەدارە کە بۆ ئەم سەردەمە پێویستە لە ئەم گەنجینە دەر بکەیم. لە ئاکامدا ئەتوانیم ئاماژە بە ئەوە بکەیم کە پتانسیل و ھیز و توانای ھزری ناوچەکە ئەتوانێت ببێتە سەرچاوەی مروڤایەتی لە دونیادا، لە بەر ئەوەی  کە لە ھەمو بوارێکدا قسەی ھەیە، بەلام خاونی گەرەکە تا بتوانێت بەریوبەرایەتی ئەم ھیز و توانایە بە ئەستو بگرێت.

 

طیب طاھری

www.yaresan.com

tayebtaheri@yahoo.com

info@yaresan.com

سەرچاوەکان:

  1. بانگ سەرحەدان، تەیب تاهێری – پێش وتار.
  2. گەنجینەی مێژووی ئێران، مامۆستا عەبدولعەزیم ڕەزایی، بەرگی یەکەم، لاپەڕەی ٢٨٦.
  3. فەهلەویات، ئەحمەد تەفەزۆلی؛ نامەی فەرهەنگستان ژمارەی ٢٩بەهاری ١٣٨٥
  4. فەرهەنگی کوردی، سدێق سەفی‌زادە، لاپەڕەی ٢٧؛ دوو سەدە بێدەنگی، وەرگیراوە لە مێژووی ئیبنی خەلدوون، لاپەڕەی ١١٨.
  5. مێژووی بنەڕەتی تان وپۆی کورد، ئێحسان نووری، لاپەڕەی ٩٧.
  6. کێش‌ناسی، محەممەد تەقی بەهار، بەرگی ١، لاپەڕەی ٥.
  7. جوگرافیای ڕۆژئاوای ئێران، ژاک دۆمێرگان، لاپەڕەی ٥٠ و ٥٦.
  8. تاريخ خانقاة در ايران ، دكتر محسن كياني ، ص 28
  9. ميراس باستاني ايران ، ريضارد.ن . فراي ، ترجمة مسعود رجب نيا ، ص 55 .
  10. – ميذوو و فةلسةفةي سةرئةنجام. نوسةر، ص 597.
  11. الملل و النحل شهرستاني ، ص 198 .
  12. ماسبزان: ناوي شاريَك بووة لة رِؤذهةلآتي كوردستان.
  13. كرد و ثيوستطي نذادي و تاريخي او، ص: 175.
  14. جزية: جؤريَك باجي ئاييني بووة، كة دةبوو ئةو خةلَكة ناموسلَمانانةى كة لة ولآتة ئيسلاميةكاندا ذياون، بيدةن.
  15. تاريخ ابن خلدون، لا: 553
  16. وان بروين سن. سةرضاوةي ثيَشوو.
  17. استورة، رويا، راز ، ميرضا اليادة ، ص 169
  18. وەرگیردراو لە کورد و کوردستانی واسیلی نیکیتن، لاپەڕەی ٢٧٨.
  19. شەرەفنامەی بدلیسی لاپەڕەی ٢٥ . کۆمەڵگا ناسی خەڵکی کورد، مارتين وان بروين سن، لاپەڕەی ١٥٣.
  20. -وەرگیراو لە باباتاهێرنامە، پەرویز ئێزکایی لاپەڕەی١٣٩.
  21. کۆمەڵگاناسی خەڵکی کورد، مارتین وان برویبن‌سن لاپەڕەی ١٥٥.
  22. مانای جیاواز لەم وشە دەردەکەوێت. گۆران = شوێنی کۆبوونەوەی لەشکر، گۆران = گەورەکان، گۆران = گەور یان ئاورپەرستەکان.
  23. کەلامی دەورەی خەزانە، نووسەر.
  24. کورد و پەیوەستەیی بنچینە مێژووییەکەی، ڕەشید یاسمی، لاپەڕەی ١٢١. مێژووی مەردۆخ، ئایەتۆڵڵا شێخ محەممەد مەردۆخ کوردستانی، لاپەڕيی ١٣٥. مێژووی هۆرامان، محەممەد ئەمین هۆرامانی، لاپەڕيی ٥٥٩.
  25. چشم اندازهای اسطوره، میرچا الیاده ص 31.
  26. ضشم اندازهاي استورة ، ص 144
  27. -ميذو و فةلسةفةي سةرئةنجام. نوسةر، ص668.
  28. وحدت الوجود.
  29. -هزري (مرؤظخوايي) ليَرةدا خؤي دةنويَنآ.
  30. سةرئةنجام ، نوسةر. دةورةي قةوةلتاس، بةندي 8.
  31. وحدانيت.
  32. كسرت.
  33. مةنزومة شمسى.
  34. سةرئةنجام، نوسةر. كةلامى دةورةى هةفتةن، بةندى 22.
  35. سةرئةنجام ، نوسةر. ديوان عابدين ص529.
  36. ميذوو و فةلسةفةي سةرئةنجام. نوسةر، ص672.
  37. -هزري (مرؤظخوايي) ليَرةدا خؤي دةنويَنآ.
  38. سةرئةنجام ، نوسةر. دةورةي قةوةلتاس، بةندي 8.
  39. وحدانيت.
  40. كسرت.
  41. مةنزومة شمسى.
  42. سةرئةنجام، نوسةر. كةلامى دةورةى هةفتةن، بةندى 22.
  43. سةرئةنجام ، نوسةر. ديوان عابدين ص529.
  44. ميذوو و فةلسةفةي سةرئةنجام. نوسةر، ص672.

 

 ئی پەیجوریە جە کوٙنفرانسو هەورامان ئەژناسای  21/4/2017 شارو هەڵەبجەی پیٛشکەش کریان 

 hewraman
  • تەوەن نیگارەو هەورامانی

    تەوەن نیگارەو هەورامانی یۆ جە شۆنەماباستانی و کۆنێ کە جە وەڵاتو ئێرانی و سەرزمینو هۆرامانی…
  • ئاڵاو کوٙتەڵی و گوٙرانییٛ چەمەرییٛ

                                           ئاڵاو کوٙتەڵی و گوٙرانییٛ چەمەرییٛ جە د یٛڕ زەمانۆ …
  • وەیوڵە باڵیٛ

    وەیوڵە باڵیٛ ڕاوڕەسمێوە قەڎیمیانەو ھەورامانی و گیٛرە کوردەواری بیٛ، ھەرساڵیٛ وارانو پەڵەی …
Load More In ویەردە و هەورامانی

داواچیٛو بنویسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابەتو دماتەری

پیر سکڵه‌

پیر سکڵه‌   داریوش ڕه‌حمانی په‌ی نه‌به‌ز هۆرامی ئه‌جۆت پاسه‌نه.پاسه‌نییه‌ن.ئه‌ڵبه‌ته‌ پاسه…